
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵا کە قسەی بۆ کوردمۆنیتەر کرد، نەوەی نوێ بە فەرمی داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە لەو دوو وەزارەتەی لە بەغدا وەریدەگرێت، یەکێکیان بداتە نەوەی نەوێ، بۆ ئەو مەبەستەش داوای وەزارەتی ژینگەی کردووە.
ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر باسی لەوەشکرد، نەوەی نوێ بە نیازە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەیان بۆ پۆستی وەزیری ژینگە کاندید بکات.
واژۆنەکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بەشێکی پەیوەندیی بە ناکۆکییەکانیانەوە هەیە لەسەر پۆستەکانی حکومەتی نوێی عێراق، نەوەی نوێ دەیەوێت وەزارەتێک وەربگرێت، یەکێتیش ئامادەیی نیشانداوە لەخوار پلەی وەزیرەوە، لەپشکەکانی دیکەی حزبەکەی لە حکومەتی عێراق بداتە نەوەی نوێ، بەڵام ئەو حزبە تا ئێستا ئەو پێشنیازەی ڕەتکردوەتەوە. ئەوەش بە گوتەی سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر.
یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی نەوەی نوێ کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد گوتی: مافی خۆمانە داوای پۆست لەیەکێتی بکەین، بەوپێیەی دەنگمان بە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دا، لە هەرێمی کوردستانیش لەسەر بەرەی یەکێتی حسابکراوین، هەرچەندە هێشتا بەفەرمی ڕێککەوتنەکەمان واژۆ نەکردووە.
ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ جەختی لەوەکردەوە، حزبەکەی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا یەکێتی دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەوە، ئەگەر لەپشکی خۆی پۆستی بە نەوەی نوێ دا، ئەوا بەبێ کێشە دەتوانن ڕێککەوتنەکەیان واژۆ بکەن، وەک ئەو گوتی: بە پێچەوانەوە ئەگەر یەکێتی وەزارەتی لە بەغدا لە پشکی خۆی نەداینێ، بە لێکتێگەیشتنەکەماندا دەچینەوە لەگەڵ ئەو حزبە”.





