هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو: یەکێتی سەرۆکی شاندی ئێمە نەبووە

 

رەوتی هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری پێکەوە و یەکێتی بەجیا داواکارییەکانی خۆیان بۆ حکومەتی نوێ لەیەک کۆوبونەوە دەدەنە چوارچێوەی هەماهەنگی، کە داواى کردووە لیژنەیەکی چوار کەسی لەنێوان ئەو لایەنانە پێکبهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکان. سێ لایەنە کوردستانییەکە دەڵێن: “وەفدەکە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆی کردووە و لە ژێر سەرۆکایەتیی هیچ کەس و لایەنێکی دیکەی کوردستانییدا نەبووە.”

پێشکەشکردنی ئەو داواکارییانە لە کۆبوونەوەیەکدا بووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ شاندی باڵای هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا کرا.

جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکە بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند: “ئێمە وەک یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست پڕۆژەی خۆمان پێشکەش بە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد و یەکێتییش لە هەمان کۆبوونەوەدا بەجیا پڕۆژەی خۆی پێشکەش کرد.”

شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی دەرباز کۆسرەت رەسول، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کردووە و داواکارییەکانی خۆیان پێشکەشکردووە. فراکسیۆنەکانی هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایانگەیاند، کە چوارچێوەی هەماهەنگی بانگهێشتی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی پڕۆژەکانیان بۆ کارنامەی حکومەتی داهاتوو لەگەڵ بەرکەوتەی لایەنەکان لەو حکومەتەدا.

ئەو فراکسیۆنانە دەڵێن: “ئێمەش بەجیا وەک سێ فراکسیۆنی سەربەخۆ (هەڵوێست و یەکگرتوو و کۆمەڵ) بەرنامەی هاوبەشی خۆمان پێشکەش کرد و لەلایەن لیژنەی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشوازی لێکرا، وەفدەکە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆی کردووە و لەژێرسەرۆکایەتیی هیچ کەس و لایەنێکی دیکەی کوردستانییدا نەبووە.”

Back to top button