
سبەینێ پێنج شەممە دانیشتنی دادگایکردنی عەجاج تکریتی، یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکیەکانی شاڵاوی ئەنفال بەڕێوەدەچێت، دەیان کەس بۆ شاهیدیدان لەسەر تاوانەکانی عەجاج چوونەتە بەغدا.
دادوەر بانگهێشتی 5 کەسی گەرمیانیی کردووە بۆ شایەتیدان، وەزارەتی شەهید و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆمار داوای لە 10 کەسی دیکە کردووە لە دادگا دا ئامادەبن بۆ شایەتیدان.
عەجاج تۆمەتباری سەرەکیە لە نوگرەسەلمان کە دەستی هەبوە لە کوشتن لە دەسترێژی لە گۆڕی بە کۆمەڵ. 221 کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، دیالە و سەلاحەدین بانگهێشتکراون لە رۆژی دادگاییکردنەکە دا ئامادەبن.
جەبار عومەر، بەڕێوبەری شەهیدانی و ئەنفال گەرمیان بە کوردمۆنیتەر-ی گوت: “ئەوانەی کەیسەکانیان بە بوون خۆیان لە نوگرەسەلمان بوون، 15 کەسمان داوایان لێکراوە لە رۆژی دادگای ئامادەبن”.
ساڵی 2025، دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی ڕاگەیەنرا، کە بە جەلادی ئەنفالکراوان ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان، لەو کاتەی کە بەرپرسی گرتووخانەکە بووە.





