سەدر مۆڵەتی 15 ڕۆژ دیاری دەکات و هەڕەشەی مانگرتن لە خواردن دەکات

 

موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌ری ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌، ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریی دا کە ئەگەر لە ماوەی کەمتر لە 15 ڕۆژدا دۆخی “بژێوی و خواردن”ی ئەندامانی “سەرایای سەلام” (باڵی سەربازیی ڕەوتەکە) باشتر نەکرێت، مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنێت.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە ڕێنماییەکانی سەدری لەو بارەیەوە تێدایە، سەدر دوای خوێندنەوەی “ڕاپۆرتی بژێوی”ی تایبەت بە سەرایای سەلام، فەرمانی کردووە بە بانگهێشتکردنی بەرپرسی بژێوی، بەرپرسانی دیکە و هەندێک لە دابەشکارەکان.

هەروەها ناوبراو لە ڕێگەی لیژنە تایبەتەکانەوە، فەرمانی کردووە بە کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ورد سەبارەت بە پرسی “جلی سەربازی”، خراپیی بەڕێوەبردن و سوکایەتیکردن بە “قووتی موجاهیدەکان”.

ڕێنماییەکان کردنەوەی هێڵێکی ڕاستەوخۆی بۆ سکاڵاکان لەم بوارەدا لەخۆگرتبوو، جگە لە کڕینی مەوادە خۆراکییە وشکەکان “لە لایەن خۆمانەوە وەک دیاری” لەگەڵ داوای لێبوردن لە کەمتەرخەمییەکان و گەیاندنیان لە ماوەی کەمتر لە سێ ڕۆژدا.

بەپێی بەڵگەنامەکە، سەدر فەرمانی بە “عەبوودی” کردووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ “تەحسین حەمیداوی” و لەگەڵ لیژنەیەکی پسپۆڕدا بچنە سامەڕا بۆ پاککردنەوە و تەعقیمکردنی بنکە خۆراکییەکان، کۆگاکان و شوێنە هاوشێوەکانیان.

سەدر لە بەڵگەنامەکەدا دەڵێت: “ئەگەر لە ماوەی کەمتر لە پازدە ڕۆژدا بژێوی و خواردن باشتر نەکرێت، ئەوا وەک هاوخەمییەک بۆ موجاهیدەکان و خێزانەکانیان، مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنم.”

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئەگەر خواردن و بژێویی سەرکردەکان باشتر بێت لە هی ئەندامەکان، ئەوا ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقیی ناوەکییە لە لایەن منەوە کە تا ڕۆژی کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام بە ڕۆژوو بن.”

شایەنی باسە، “سەرایای سەلام” باڵی سەربازیی ڕەوتی نیشتمانیی شیعەیە (ڕەوتی سەدری پێشوو) لە عێراق، کە لە حوزەیرانی 2014 وەک زیندووکردنەوەیەک بۆ “سوپای مەهدی” بە مەبەستی پاراستنی مەزارگە ئاینییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی “داعش” دامەزرایەوە.

 

Back to top button