
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لەرێگەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان رۆژی پێنجشەممە زنجیرەیەکی نوێی سزاکانی وەک بەشێک لە هەڵمەتی “تووڕەیی ئابووری” راگەیاند، ئەمجارە سزاکانی ئەمریکا بەرپرسێکی حکومەتی عێراقی کردە ئامانج.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لێدوانێکی توونددا رایگەیاند: “رژێمی ئێران وەک تاقمێکی یاخی، خەریکی بەتاڵانبردنی ئەو سەرچاوانەیە کە مافی رەوای گەلی عێراقن. وەزارەتی گەنجینە بێدەنگ نابێت لە ئاست ئەوەی سوپای ئێران نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر دژی ئەمریکا و هاوبەشەکانمان بەکاربهێنێت.”
ئەمریکا لەم بڕیارەدا پەنجەی تۆمەت بۆ باڵاترین ئاستی وەزارەتی نەوتی عێراق رادەکێشێت و رایگەیاندووە، عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن، خراوەتە لیستی سزاکانەوە. بەپێی گەنجینەی ئەمریکا، مەعاریج پۆستەکەی قۆستووەتەوە بۆ ئاسانکاریی قاچاخچێتی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکان.
عەلی بەهادلی یەکێک بوو لەو بەرپرسە عێراقیانەی بەنیازبوو لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا، پۆستی وەزارەتی نەوت وەربگرێت، بەڵام وادیارە ئەمریکا تەواوی پلانەکەی لێ تێکداوە، چونکە دوای سەپاندنی سزا بەسەریدا، بەهادلی ناتوانێت هیچ پۆستێکی حکومیی هەبێت.
وردەکارییەکانی گەندەڵی نەوت لە عێراق، بەگوێرەی گەنجینەی ئەمریکا:
1-پەیوەندی لەگەڵ قاچاخچییەکان: مەعاریج هاوکاریی سەلیم ئەحمەد سەعید (قاچاخچییەکی ناسراوی سەر بە ئێران)ـی کردووە. سەلیم سەعید کە لە ساڵی 2025ـەوە سزادراوە، تۆڕێکی کۆمپانیاکانی هەبووە کە نەوتی ئێرانیان وەک “نەوتی عێراقی” فرۆشتووە بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
2-بەتاڵانبردنی کێڵگەی گەیارە: مەعاریج رێگەی داوە رۆژانە بە بەهای ملیۆنەها دۆلار نەوت لە کێڵگەی گەیارەوە بە تانکەر بگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای (VS Oil) لە ناوچەی خۆر زوبەیر، لەوێ نەوتی ئێرانی و عێراقی تێکەڵ کراون و بە بەڵگەنامەی ساختەوە وەک نەوتی پاکی عێراقی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراون.
سزادانی سەرکردە ئابوورییەکانی گرووپە چەکدارەکان
ئەمریکا سێ سەرکردەی باڵای گرووپەکانی (عەسائیبی ئەهلی حەق) و (کەتائیبی سەیدولشوهەدا)ـی سزادا:
موستەفا هاشم لازم بەهادلی (سەید عەون): بەرپرسی ئابووریی عەسائیب؛ تۆمەتبارە بەوەی لە دوای ساڵی 2011ـەوە یەکەیەکی ئەمنی و گواستنەوەی نەوتی بۆ عەسائیب دروستکردووە. عەون سەرپەرشتی دزینی سووتەمەنی و پڕۆژە گەورەکانی پیشەسازیی کانزای کردووە وەک پەردەیەک بۆ چالاکییە داراییەکانی عەسائیب. هەروەها راستەوخۆ لەگەڵ فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هاوئاهەنگی بۆ گرێبەستە نەوتییەکان کردووە.
ئەحمەد خوزەیر مەخسووس: جێگری پێشووی ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا.
محەممەد عیسا کازم شوێلی (ئەبو مەریەم): بەرپرسێکی باڵای کەتائیبی سەیدولشوهەدا؛ تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2025ـەوە راستەوخۆ لەگەڵ تیمی دارایی حیزبوڵڵای لوبنانی (بە دیاریکراوی عەلی قەسیر) کاری کردووە بۆ کڕین و گەیاندنی چەک بۆ ناو عێراق و گواستنەوەی ملیۆنەها دۆلار بۆ ئەو مەبەستە.





