سعودیە چۆن پڕۆژەکەی ترەمپی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پەکخست؟

 

تۆڕی “ئێن بی سی”ی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە سعوودیە بووەتە هۆی شکستهێنان بە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە ڕووی ئەو کەشتیانەی لە ناوچەی کەنداودا گیریان خواردووە.

تۆڕەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە، کە ترەمپ هاوپەیمانە کەنداوییەکانی تووشی سەرسوڕمان کردووە کاتێک پاشنیوەڕۆی یەکشەممە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەستپێکردنی “پڕۆژەی ئازادی” ڕاگەیاند، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی لای سەرکردایەتی سعودیە دروست کردووە.

لە وەڵامی ئەم هەنگاوەدا، ڕیاز واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە ڕێگە نادات سوپای ئەمریکا فڕۆکەکانی لە بنکەی ئاسمانی “شازادە سوڵتان” (کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕیاز) بۆ پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە بەکاربهێنێت، هەروەها ڕێگەی پێنادەن ئاسمانی سعودیە بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنرێت. بەپێی گوتەی بەرپرسەکان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، نەیتوانیوە کێشەکە چارەسەر بکات، ئەمەش سەرۆکی ئەمریکای ناچار کردووە “پڕۆژەی ئازادی” هەڵپەسێرێت بۆ ئەوەی بتوانێت دووبارە ڕەزامەندی سوپای ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی ئەو کایە ئاسمانییە گرنگە بەدەستبهێنێتەوە.

هاوکات هاوپەیمانە نزیکەکانی دیکەی واشنتۆن لە ناوچەکەدا بەم بڕیارە سەرسام بوون؛ چونکە سەرۆکی ئەمریکا تەنیا دوای دەستپێکردنی پرۆسەکە لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر قسەی کردووە. دیپلۆماتکارێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا تەنیا دوای ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ هەماهەنگی لەگەڵ عومان کردووە، بەڵام عومانییەکان ڕایانگەیاندووە کە لەم کارە تووڕە و نیگەران نین.

سەرچاوەیەکی سعودی ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی “بە توندی پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات” کە پاکستان ڕێبەرایەتی دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ.

بەرپرسێکی پنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە سوپای ئەمریکا خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ ناردنی کەشتیی زۆرتر بۆ ناوچەی کەنداو، بەڵام بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەکە درا. ترەمپ لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆژەکە بۆ “ماوەیەکی کورت” ڕادەگیرێت تاوەکو بزانرێت ئایا دەکرێت ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ بکرێت یان نا.

سوپای ئەمریکا بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز پێویستییەکی زۆری بە هاوکاریی هاوبەشە هەرێمییەکان هەیە بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکانیان، چونکە بەهۆی بارودۆخی جوگرافییەوە لە هەندێک حاڵەتدا هیچ ڕێگەیەکی جێگرەوە نییە. بەکارهێنانی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی وەک “چەتری بەرگری” بۆ کەشتییەکان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران، پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەختە هەیە لە وڵاتانی وەک سعودیە، ئوردن، کوەیت و عومان.

“پڕۆژەی ئازادی” بۆ ماوەیەکی کورت چاودێرییەکی سەربازی و هێزێکی ئاگریی بۆ کەشتییەکان دابین کردبوو تاوەکو بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز تێپەڕن، لە کاتێکدا هێزەکانی ئێران بەردەوام بوون لە هەڕەشەکردن لەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە. بەرپرسانی پنتاگۆن جەختیان کردووەتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە جیاوازە لە هەڵمەتی بۆردومانکردنەکان کە لە 28ی شوباتەوە لە ژێر ناوی “توڕەیی داستانی” دەستی پێکردووە.

Back to top button