پەرلەمانی عێراق بریاریدا تا دەنگ بە حکومەتی نوێ نەدرێت هیچ پەرلەمانتارێک نەچێتە حەج

 

ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، یەک لەسەر سێی پەرلەمانتاران ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە، بەڵام تاوەکو دەنگ لەسەر کابینەی حکومەتی نوێ نەدرێ، کەس ناچێت.

رۆژی هەینی سەفوان بەشیر گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 100 پەرلەمانتار ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە، فڕۆکە ئامادەیە؛ هەموو شتێک ئامادەیە، بەڵام رێنمایی هاتووە کە نابێت هیچ پەرلەمانتارێک بچێتە حەج تاوەکو دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەت تەواو دەبێت.”

سەفوان گەرگەری باسی لەوەش کرد، بەرنامە حکومییەکەی عەلی زەیدی گەیشتووەتە دەست سەرجەم پەرلەمانتاران و “ئامادەکاری بۆ رۆژی دانیشتنی دەنگدان دەکرێ.”

بە گوتەی ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، عەلی زەیدی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئاگادارکردووەتەوە کە هەموو رێکارە پێویستەکانی تەواوکردووە و کابینەکەی ئامادەیە؛ گوتیشی: “ئەگەری زۆرە کە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر کابینەکەی بدرێ.”

رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایارى 2026، عەلى فالح زەیدى، راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەی نوێى عێراق کارنامەى حکومەتەکەى رادەستى هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان کرد.

بەگوێرەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق، هەیبەت حەلبووسی فەرماندی کردووە بە گشتاندنى ئەو کارنامەیە بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران بۆ تاوتوێکردنى.

لە 26ی نیسانەوە، عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردراوە کە 30 رۆژی لەبەردەمە.

Back to top button