
لیژنەیەکی عێراقی کە لە سێ کەسایەتیی باڵا پێکهاتووە، لە تەواوکردنی پڕۆژەیەک بۆ بۆ داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان نزیکبوونەتەوە، تاوەکو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشکەشی بەرپرسانی ئەمریکی بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم لیژنەیە پێکهاتووە لە: عەلی زەیدی (سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو)، محەمەد شیاع سوودانی (سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر)، هادی عامری (سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر).
لیژنەکە دانوستانی نهێنی لەگەڵ سەرکردەی گروپە چەکدارەکاندا ئەنجامداوە و تێیدا بیرۆکەی جۆراوجۆر سەبارەت بە میکانیزمەکانی داماڵینی چەک و تێکەڵکردنی چەکدارەکان خراونەتە ڕوو، بەڵام هەندێک لە کۆبوونەوەکان بە ئارامی بەڕێوە نەچوون. بوونی هادی عامری لە ناو لیژنەکەدا، وەک کەسایەتییەکی نزیک لە ئێران، بە مەبەستی بەدەستهێنانی متمانەی گروپەکان و قایلکردنیان بووە بۆ چوونە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، جەختیش کراوەتەوە کە لیژنەکە لەلایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: “ژێر فشاری ئەمریکا، لیژنەکە کارەکانی خێرا کردووە.” پڕۆژە جێبەجێکارییەکە بریتییە لە داماڵینی چەکی قورس و مامناوەندی گروپەکان و دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی هێزەکانی حەشدی شەعبی.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، گومان هەیە لە توانای جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئەرزی واقیع؛ ڕەنگە تەنیا هۆکارێک بێت بۆ کات کوشتن تاوەکو ئەنجامی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا دەردەکەوێت. ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە “نەرمی نواندن لەم دۆسیەیەدا ڕەنگە ببێتە هۆی پۆلێنکردنی هاوپەیمانیی فەرمانڕەوا وەک لایەنێکی سیاسیی پاڵپشتیکاری تیرۆر، ئەمەش عێراق دەخاتە بەردەم سزای ئابووری وەک “دەوڵەتێکی یاخی”.
واشنتۆن نایەوێت فشارەکانی لەسەر بەغدا کەم بکاتەوە، چونکە دەترسێت سەرکردە و ئەندامانی گروپە چەکدارەکان دزە بکەنە ناو حکومەتە نوێیەکە. نزیکەکانی زەیدی لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ “پیت هێگسێت”، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، تێگەیشتوون کە شەرعییەتی حکومەتە نوێیەکە لای واشنتۆن، بەندە بە توانای زەیدی لە دوورخستنەوەی گروپە چەکدارەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
عەلی زەیدی کارنامەیەکی 14 خاڵی پێشکەش کردووە کە لە خاڵی یەکەمیدا باس لە “کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا” دەکات، بەڵام هاوکات بڕگەیەکی تێدایە بۆ پەرەپێدانی توانای جەنگیی حەشدی شەعبی و دیاریکردنی ڕۆڵیان لە ناو سیستەمی سەربازیدا، ئەمەش جۆرێک لە تەمومژاوی لە هەڵوێستی حکومەتەکەی بەرامبەر ئەم دۆسیەیە دروست دەکات.





