هۆشداری دەدرێت لە هەڵکشانی قەرزە ناوخۆییەکان و دابەزینی یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق

 

نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووریی ئەمڕۆ شەممە هۆشداریی دا لە دەرکەوتنی دوو ئاماژەی مەترسیدار لە دۆخی دارایی عێراقدا؛ ئەوانیش بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی بۆ 96.6 ترلیۆن دینار و دابەزینی یەدەگی دراوی بیانیی بانکی ناوەندی بە بڕی زیاتر لە 3 ترلیۆن دینار تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا.

مەرسوومی لە نووسینێکدا ڕایگەیاند: “هاوشان لەگەڵ هەڵکشانی قەرزی ناوخۆیی بۆ 96.6 ترلیۆن دینار، یەدەگی بیانیی بانکی ناوەندیی عێراق لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەدا (لە نێوان 9 بۆ 23ی نیسانی ڕابردوو) بە بڕی 3 ترلیۆن دینار کەمی کردووە، ئەمەش بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی لە ماڵپەڕی بانکی ناوەندیدا بڵاوکراونەتەوە.”

وردەکاریی قەرزەکان بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی

وەزارەتی دارایی ڕۆژی هەینی (8ی ئایاری 2026) ئاشکرای کرد کە کۆی قەرزی ناوخۆیی عێراق تا کۆتایی مانگی نیسانی 2026گەیشتووەتە 96 ترلیۆن و 629 ملیار دینار، لە کاتێکدا قەرزی دەرەکی بە 13.39 ملیار دۆلار جێگیر بووە.

داتاکانی فەرمانگەی قەرزی گشتی چەند زانیارییەکی گرنگیان خستووەتە ڕوو:

قەرزە نوێیەکان: حکومەت لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ نیسانی 2026، بڕی 46.35 ترلیۆن دیناری بە شێوەی ناوخۆیی قەرز کردووە.

دانەوەی قەرز: لەو بڕە نوێیە، 19.91 ترلیۆن دیناری لێدراوەتەوە (نزیکەی 43٪ی کۆی قەرزە نوێیەکە).

قەرزە کۆنەکان: پشکی شێری قەرزی ناوخۆیی (70.5 ترلیۆن دینار) میراتی حکومەتەکانی پێشووە لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2022.

دۆخی قەرزە دەرەکییەکان
سەبارەت بە قەرزە دەرەکییەکان، حکومەت توانیویەتی 2.16 ملیار دۆلار لە قەرزە کۆنەکان بداتەوە. هەروەها پاشماوەی قەرزەکانی پێش ساڵی 2003 بۆ 2.96 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2022 ئەو بڕە 12.92 ملیار دۆلار بووە (واتە بە ڕێژەی 77٪ کەمی کردووە).

بانکی ناوەندی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێژەی قەرزی گشتی نزیکەی 43٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، ئەگەر قەرزە ڕاگیراوەکان هەژمار نەکرێن، ئەو ڕێژەیە بۆ 30 بۆ 31٪ دادەبەزێت. بانکی ناوەندی جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕێژەیە زۆر کەمترە لە وڵاتانی پیشەسازیی گەورەی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (120٪) و ژاپۆن (250٪).

Back to top button