زانیاریی نوێ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ

 

پەرلەمانتارێکی عێراق زانیاریی نوێ لەسەر پێشنیازە یاسای خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی عێراق لەڕێگەی کوردمۆنیتەر-ەوە ئاشکرادەکات.

ئەحمەد دەلفی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، لیژنەکەیان دوای تاووتوێکردنی ورد، کۆتا دەستکارییەکانی لە ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی “یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ” تەواو کردووە و ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە، بە مەبەستی جێگیرکردنی لە کارنامەی دانیشتنەکانی داهاتوودا بۆ پەسەندکردنی.

ناوەڕۆکی هەموارکردنەوەکە بەمشێوەیەیە:
هەڵوەشاندنەوەی مەرجی تەمەن: بۆ ئەو کارمەندانەی کە ئارەزوو دەکەن بە ویستی خۆیان خانەنشین ببن.
گۆڕانکاری لە مووچەدا: زیادکردنی دەرماڵەی مەترسی و پارەی خواردن بۆ سەرمووچەی بنەڕەتی.

سەبارەت بە لایەنی دارایی، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا مووچەی خانەنشینیی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ لە نێوان 500 بۆ 600 هەزار دینارە، بەڵام دوای پەسەندکردنی ئەم هەموارکردنەوەیە، کەمترین مووچەی خانەنشینی دەگاتە 850 هەزار دینار.

چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی داهاتوودا بڕگەکانی ئەم یاسایە تاووتوێ بکات. جەوهەری ئەم هەموارکردنەوەیە هاندەر دەبێت بۆ ئەو کارمەندانەی دەیانەوێت خانەنشین بن، چونکە لە لایەک مەرجی تەمەنیان لەسەر لادەبرێت و لە لایەکی دیکەشەوە مووچەیەکی شایستەتریان بۆ دەستەبەر دەکرێت لە ڕێگەی هەژمارکردنی دەرماڵەکان لە ناو مووچەی خانەنشینیدا.

 

Back to top button