دەیڤید پێترایۆس بە ئەرکێکی تایبەت سەردانی بەغدا دەکات

 

جەنەڕاڵ دەیڤید پێترایۆس، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا و بەڕێوەبەری پێشووتری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، بەم زووانە دەگاتە بەغدا.

ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە: “پێشبینی دەکرێت جەنەڕاڵ دەیڤید پێترایۆس لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی کە حکومەتە نوێیەکەی عێراق بە تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان دەپچڕێنێت.”

تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد دەربارەی ئەو ئەرکە فەرمییە بەردەست نییە کە ئەم جەنەڕاڵە ئەمریکییە لە کاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا دەیبێت.

پێترایۆس وەک یەکێک لە دیارترین ئەو فەرماندانە دادەنرێت کە ناویان بە شەڕی عێراقی دوای ساڵی 2003وە گرێدراوە؛ ناوبراو ئەزموونێکی فراوانی مەیدانی و ستراتیژیی هەیە، کە دیارترینیان فەرماندەییکردنی “فیرقەی 101″ی ئاسمانی بوو لە کاتی پرۆسەی ئازادیی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێندا.

Back to top button