
ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە بیابانەکانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دامەزراندووە.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە ناو بیابانی عێراقدا بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی دژ بە ئێران دامەزراندووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل تەنانەت هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای عێراق، کاتێک لە سەرەتای جەنگەکەدا هێزە عێراقییەکان نزیک بوون لە دۆزینەوەی شوێنی بنکەکە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل ئەم دامەزراوەیەی، کە هێزی تایبەتی تێدا جێگیر کردووە، و وەک ناوەندێکی لۆجیستی بۆ هێزی ئاسمانی بەکاردێت، ماوەیەکی کورت پێش هەڵگیرسانی جەنگ و بە ئاگاداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دروست کردووە. هەروەها تیمی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان لەوێ جێگیر کراون بۆ هەر ئەگەرێکی کەوتنی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان، هەرچەندە لە درێژەی جەنگەکەدا هیچ فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی نەخراوەتە خوارەوە.
کاتێک فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە جۆری (F-15) لە نزیک ئەسفەهان کەوتە خوارەوە، ئیسرائیل پێشنیازی هاوکاریی بۆ ڕزگارکردنی تیمی فڕۆکەکە کرد، بەڵام هێزە ئەمریکییەکان خۆیان پرۆسەکەیان ئەنجامدا؛ لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە بۆ پاراستنی ناوچەی پرۆسەی ڕزگارکردنەکە.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” ئاماژەی بەوە کردووە کە بنکە ئیسرائیلییەکە لە سەرەتای مانگی ئاداردا خەریک بوو ئاشکرا ببێت. میدیا فەرمییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە شوانی کۆچەریی ناوچەکە تێبینیی جووڵەی سەربازیی نائاسایی و فڕینی هێلیکۆپتەریان کردووە، هەر بۆیە سوپای عێراق هێزێکی بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
بەپێی یەکێک لە سەرچاوەکان، ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بەرپەرچی هێزە عێراقییەکانی داوەتەوە و ڕێگری لێ کردوون. لەو کاتەدا حکومەتی عێراق ئەو هێرشەی سەرکۆنە کرد کە بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی عێراقی.
بایەخی ستراتیژیی بنکەکە
وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە کە ئەم بنکەیە لایەنێکی پێشەنگی گرنگ بووە بۆ پاڵپشتیکردنی جەنگەکە، هەروەها توانای ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا بەهێز کردووە، جگە لەوە یارمەتیدەر بووە لە ئەنجامدانی هەزاران هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل دژ بە ئامانجە ئێرانییەکان لە ماوەی پێنج هەفتەی هەڵمەتەکاندا.
ڕاپۆرتەکە دوپاتی دەکاتەوە کە ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کراونەتە سەر پێگەکانی سوپای عێراق، سەرچاوەکەیان هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بووە.





