قائانی بەپەلە گەیشتە بەغدا

  • دوای پشتیوانیەکانی ترەمپ لە زەیدی، قائانی گەیشتە بەغدا
  • دەیەوێت پرسیاری هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی لێ بکات

سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەغداوە بۆ کوردمۆنیتەر-ی ئاشکراکرد، ئێران تێبینی لەسەر کارنامەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق هەیە، بەوهۆیەوە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانی بەغدای کردووە.

بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر، قائانی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گەیشتووەتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و فەرماندەی هەندێک لە گروپە چەکدارەکان ئەنجامداوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکان پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی کۆتایی ڕانەگەیەندراوە و هەڵوێستی کۆتایی تاران بەرامبەر زەیدی بە نادیاری ماوەتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە لە پەرلەمانی عێراق ئامادەکاریی بۆ دانیشتنی متمانەبەخشین بە زەیدی دەکرێت.

وەک سەرچاوەکە باسی دەکات، تێبینییەکانی ئێران لەسەر زەیدی بۆ ئەو پشتیوانییە گەورەیەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە بۆ کابینەکەی هەیەتی، هەروەها دانانی پرسی هەڵوەشاندنەوەی گروپەکانی دەرەوەی دەوڵەت لە کارنامەکەیدا، هەروەها تاران ئەو پشتگیرییەی ئەمریکا وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵی کەمکردنەوە و سنووردارکردنی هەژموونی خۆی لە بەغدا لێکدەداتەوە.

ڕۆژی حەوتی ی ئایاری 2026 عەلی فالح زەیدی کارنامەی وەزاریی حکومەتەکەی پێشکەش بە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد.

 

Back to top button