
ڕۆژنامەی “جیرۆزالیم پۆست”ی ئیسرائیلی، ڕۆژی یەکشەممە، پەردەی لەسەر وردەکاریی نوێ و جیاواز لادا سەبارەت بەو ئۆپراسیۆنە نهێنییانەی سوپای ئیسرائیل لە ناو خاکی عێراقدا ئەنجامی داون، کە ناردنی یەکەی تایبەت لە کاتی هێرشە سەربازییەکانی هاوشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران لەخۆ دەگرێت.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکەی تایبەتی ڕزگارکردن سەر بە سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی نهێنی لە ناو خاکی عێراقدا جێگیر کراون؛ ئامانجی ئەم هێزانە دەستوەردانی خێرا بووە بۆ ڕزگارکردنی هەر فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی کە ناچار بێت بنیشێتەوە یان فڕۆکەکەی بخرێتە خوارەوە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە جەنگییەکان دژ بە ئێران.
ڕۆژنامەکە جەختی کردووەتەوە کە پێشتر زانیاریی هەبووە لەسەر بوونی هێزێکی بچووکی ئیسرائیل لە ناو عێراقدا، بەڵام لەو کاتەدا بەهۆی سانسۆری سەربازییەوە بڵاوکردنەوەی قەدەغە بووە. ئەم وردەکارییانە دوای ئەوە ئاشکرا کران کە ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” ڕاپۆرتێکی لەسەر بڵاوکردەوە و بووە هۆی تووڕەیی حکومەتی عێراق.
بنکەی نهێنی و یەکەکانی کۆماندۆ
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “مەعاریف”ی ئیسرائیلی باسی لە ئەرکەکانی ئەو بنکە نهێنییە کردووە و ڕایگەیاندووە کە پێکهاتەیەک لە یەکەکانی “کۆماندۆ” لەوێ بوون و ئەرکی جۆراوجۆریان پێ سپێردراوە. بەپێی زانیارییەکانی مەعاریف، بنکەکە ئەم تیمانەی تێدا بووە:
تیمی پزیشکیی پێشکەوتوو بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی ئاڵۆز و فریاگوزاریی خێرا لە کاتی برینداربوونی فڕۆکەوان یان شەڕکەرەکان.
باڵی حەوتەمی هێزی ئاسمانی کە بەرپرسە لە هەماهەنگی یەکە تایبەتەکان، زۆرینەی هێزە پیادەکانی لەو بنکەیەدا جێگیر کردبوو.
ڕووداوێکی مەترسیدار لە کاتی کشانەوەدا
مەعاریف ئاشکرای کردووە کە لە کۆتایی ئەرکەکانی بنکەکەدا، ڕووداوێکی ئەمنیی مەترسیدار ڕوویداوە کە بە ڕێکەوت هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. ڕووداوەکە کاتێک بووە کە هێلیکۆپتەرێک ویستوویەتی بۆ گواستنەوەی هێزەکان بفڕێت، بەڵام بەهۆی شەپۆلێکی خۆڵبارین و خراپیی ئاستی بینینی فڕۆکەوانەکە، هێلیکۆپتەرەکە وەرگەڕاوە و بەر هێلیکۆپتەرێکی دیکە کەوتووە.
هێلیکۆپتەرە وەرگەڕاوەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە و هەر لەو ڕۆژەدا ناوچەکەیان جێهێشتووە و فڕۆکەکە ڕەوانەی بنکەی “تەل نوف” لە ئیسرائیل کراوەتەوە بۆ چاککردنەوە، لە کاتی کشانەوەکەشدا هێرشی سنووردار کراوەتە سەر ئەو هێزە ئێرانییانەی ویستوویانە خاکی عێراق بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر تەل ئەبیب.
پێشتر “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئیسرائیل ئەم بنکەیەی بۆ پشتگیریکردنی جەنگی 28ی شوباتی دژ بە ئێران دامەزراندووە و هێرشی ئاسمانیشی کردووەتە سەر ئەو هێزە عێراقییانەی لەو کاتەدا لە بنکەکە نزیک بوونەتەوە.





