مەزڵوم عەبدی: بەشار ئەسەد گەمژە و لوتبەرز بوو

 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا باسی لە دیداری لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا کردووە و دەڵێت: بەشار پیاوێکی گەمژە و لووتبەرز بوو گوێی لە کەس نەدەگرت.

مەزڵوم عەبدی لەو چاوپێکەوتنەدا باسی لەوەکردووە، لە سەرەتای قەیرانی سوریا دووجار لەگەڵ بەشار کۆبوومەوە، نەمانتوانی بگەینە رێککەوتن، هاوکات لەگەڵ ئێرانییەکان کۆنەبوومەوە، سەرەرای هەوڵدانیان بۆ پەیوەندیکردن و دیدار لەگەڵ ئێمە”.

باسی لەوەشکردووە، روسەکان نێوەندگیرییان لە نێوان ئێمەو رژێمدا کرد، بەڵام شکستیان هێنا و پێیان گوتین بەشار تەنانەت گوێ لە هاوپەیمانەکانیشی ناگرێت، هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو نێوەندگیرییان لە نێوان ئێمە و رژێمدا کرد، بەڵام نەمانتوانی بگەینە ڕێککەوتن”.

فەرماندەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکانی رژێممان دەرکردو هەزاران سەربازمان بە دیل گرت، پاشان رادەستی بنەماڵەکانیانمان کردنەوە، لەو ناوچانەی تەسلیم نەبوون، كەوتنیە شەڕ لەگەڵیان و ژمارەیەک ئەفسەری پلە باڵامان کوشت، هەروەها ئێرانییەکانمان دەرکرد کاتێک بۆمان دەرکەوت کە هەوڵی دروستکردنی هێزی خێڵەکی دەدەن لە ناوچەکەدا”.

سەبارەت بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دەڵێت “پەیوەندی سەرەتایی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی سلێمانی و هەولێرەوە ئەنجامدرا، سەرۆک بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنی یەک کاتژمێری لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجامدا، دوای تەلەفونەکە پێی وتم، بەشارو بیركردنەوەی هیچی لەسەر هەڵناچنرێ‌، هەروەها لە ماوەی ساڵانی 2012 و 2013 دیدارم لەگەڵ بەرەی نوسرە ئەنجامد، ئەبو ماریا قەحتانی ئەوکاتە بەرپرسی بوو”.

هاوکات نهێنیەکی نوێی ئاشکراکردوە و گوتویەتی: پێش رزگارکردنی حەما، لە کاتی شەڕی (ردع العدوان)، پەیوەندیم بە ئەسعەد شەیبانیەوە کرد، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتین سەبارەت بە حەلەب، هێزەکانمان، دووبارە جێگیرکردنەوە و پاراستنی ئاسایش، هەندێک هەڵەی ئیداریمان کرد، بەڵام بارودۆخی شەڕیش کاریگەری لەسەر ئێمە هەبوو، گەلی کورد خیانەت قبوڵ ناکات، ئەگەر رێککەوتن هەبووە بۆ کشانەوە، بۆچی خیانەتیان لێكردن؟ ئەمە پێویستی بە داوای لێبوردن و چاسەركردن هەیە لەلایەن دیمەشقەوە.

سەبارەت بە ئەحمەد شەرعیش دەڵێت “دەستپێشخەرییەک هەبوو لە شەرعەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەین و پۆستێكی سیادی وەربگرم، بەڵام من لە ڕۆژئاوا كاری لەپێشینەم هەیە کە پەیوەندییان بە یەکگرتن و یەکگرتوویی کورد و بابەتی دیکەوە هەیە”.

مەزڵوم عەبدی باسی تورکیای کردووە و گوتویەتی “لە ئێستادا پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا نیمچە ئاسایی و ئەوەی ئێستا روودەدات ئاگربەستێکە کە لە ئەنجامی پرۆسەی ئاشتی تورکیا سەرچاوەی گرتووە، هەوڵدەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندییەکی ئەمنیەوە بۆ پەیوەندییەکی سیاسی بگۆڕین و ڕەنگە سەردانی بکەم”.

Back to top button