
هەرچەندە ئەگەری مانەوەی تەیف سامی لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق هەیە، بەڵام دوو ناوی دیکە خراوەتە بەرباس و کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بۆ یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکان بەردەوامە.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، داوای لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە کە هەردوو وەزارەتی دارایی و ناوخۆ ڕاستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە بە کەسایەتی لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنیان دیاری بکرێن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕەوتی حیکمە لە ناو لێکتێگەیشتنە سیاسییەکاندا پۆستی وەزارەتی دارایی بەرکەوتووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوی چەند کەسێک بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دارایی پێشنیار کراوە، کە دیارترینیان بریتین لە:
محەمەد ساحیب دەڕاجی، وەک بەهێزترین کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستەکە ناوی دەهێنرێت.
عەلی کەریم حسێن، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ڕافیدەین، وەک کاندیدێکی تری وەزارەتەکە دیاریکراوە.
هێنانەپێشەوەی ناوی بەڕێوەبەری بانکی ڕافیدەین لە کاتێکدایە کە پێشتر مشتومڕ و تۆمەتی زۆری لەسەر بووە. تەیف سامی، وەزیری دارایی، پێشتر بڕیاری دورخستنەوەی بەڕێوەبەری بانکەکە و زیاتر لە 20 بەرپرس و فەرمانبەری دەرکردبوو، بەهۆی گومانی دەستکاریکردنی فرۆشی دۆلار لە دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و چەندین سەرپێچیی کارگێڕی و دارایی تر.
بەڵام دواتر وەزیری دارایی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دوورخستنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی دا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە باس لە بوونی گوشاری سیاسی دەکرێت بۆ داخستنی دۆسیەکە و کۆتاییهێنان بە لێکۆڵینەوەکان بەبێ دەرکردنی هیچ سزایەک دژ بە تۆمەتباران.
جێی ئاماژەیە، لە مانگی ئابی ڕابردوودا، جۆ ویڵسن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بانکی ڕافیدەینی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی لەگەڵ گروپی حوسییەکان لە یەمەن، هاوکات هەڕەشەی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکای بۆ عێراق کرد.
هەروەها، لقی هەمان بانک لە “ئەبوزەبی” تووشی چەندین سەرپێچیی دارایی و کارگێڕی بووەتەوە، کە وای لە بانکی ناوەندیی ئیمارات کرد غەرامەیەکی دارایی گەورە بەسەر ئەو لقەدا بسەپێنێت.





