ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: ترەمپ خۆی نەیویست کورد دژی ئێران ڕاپەڕێت و ئێستا لۆمەیان دەکات

 

سەرەڕای لێدوانەکانی؛ سەرچاوەکان بۆ ‘پۆست’ پشتڕاستی دەکەنەوە کە ترەمپ ڤیتۆی ڕاپەڕینی کوردی کردووە

سەرەڕای ئەوەی بە ئاشکرا لۆمەی کورد دەکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر بیرۆکەی ئاسانکاری بۆ ڕاپەڕینی کورد دژ بە ئێران هەبووە.

ڕۆژنامەی “جیرۆزالیم پۆست”ی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای هێرشێکی توندی دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم پەیامنێران دژ بە کورد بە پاساوی “شکستهێنان لە هاوکاریکردن بۆ ڕاپەڕینێکی ناوخۆیی دژ بە ڕژێمی ئێران”، سەرچاوەکان بۆ ڕۆژنامەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە خودی ترەمپ لە کۆتاییدا ڤیتۆی ئەو بیرۆکەیەی کردووە.

سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە دەڵێت، مۆساد پێشنیازی ئەگەری هاوکاریکردنی کوردی بۆ ئاسانکاری لە ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران کردووە، ئەوەش هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی جەماوەری و لە دوای هەڵمەتی بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی ئەو ڕژێمە. جگە لەوەش، سەرچاوە بیانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تورکیا گوشاری خستووەتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی ئەو بژاردەیە جێبەجێ نەکات.

پێشتر ڕۆژنامەکە بڵاوی کردبووەوە کە “ئەیال زەمیر” سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، “دەیڤید بەرنیع” سەرۆکی مۆساد، “شلۆمی بیندەر” سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەرگریی ئەمریکا کۆبوونەتەوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ ترەمپ قسەیان کردووە، بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا قایل بکەن بچێتە ناو شەڕەکەوە. بەڵام بەرپرسانی باڵای بەرگریی ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە دژی پلانی “ڕاپەڕینی کورد” بوون، ئەمەش لەپاڵ چەند هۆکارێکی تر، وای کرد ترەمپ دژی پلانەکە بوەستێتەوە.

جێی سەرنجە، ڕۆژی دووشەممە ترەمپ بە ئاشکرا پشتڕاستی کردەوە کە چەکیان بۆ کورد دابین کردووە، بەڵام دواتر لایدا بۆ سەر ئەو بانگەشەیەی کە گوایە کوردەکان نەیانتوانیوە ڕاپەڕین ئەنجام بدەن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەڵگەی تەواو هەیە و تۆمارەکان دەریدەخەن کە خودی ئەو ڤیتۆی بیرۆکەکەی کردووە.

هۆکاری ئەم بانگەشەیەی سەرۆکی ئەمریکا ڕوون نییە، هەرچەندە وا دیارە هەوڵ دەدات خۆی لە لۆمەکردن بەدوور بگرێت سەبارەت بە مانەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەسەڵاتدا.

Back to top button