
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستووی سیاسی و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەنیازە جوڵەیەکی نوێی سیاسی و یاسایی بکات. کورد مۆنیتەر وردەکاریی جوڵەکەی پارتی ئاشکرادەکات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی بە کورد مۆنیتەر-ی داوە، پارتی لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە نوسراوێکی ئامادەکردووە و ئاڕاستەی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستانی دەکات، لەنوسراوەکەدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە ئەنجومەنەکە کردووە “تەفسیری” لەسەر ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بخاتەڕوو.
وەک ئەو سەرچاوە باڵا سیاسییەی کورد مۆنیتەر گوتی: پێشتر گفتوگۆی چڕ و پڕ لەگەڵ ئەنجومەنی شورا کراوە، ئەوان بووچونیان وابووە بەهۆی ئەوەی سێ پەرلەمانتار سوێندی یاساییان نەخواردووە، کەواتە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 97 کورسییە نەک 100 کورسی، هەر هێزێکیش 47 بۆ 48 کورسی کە دەکاتە نیوەی 97 کورسییەکە کۆبکاتەوە، دەتوانێت ببێتە گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
هاوکات سەرچاوەکەی کور مۆنیتەر ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەنجومەنی شورا بە نوسراوی فەرمی وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان لەم دۆخەی ئێستادا لە 97 کورسی پێکدێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا خاوەنی (39) كورسیە، هەروەها (3) كورسی كۆتاكانی نزیك لە خۆی لەلایە، كە دەكاتە (42) كورسی، سەرچاوەیەک لەنێو پارتی بۆ کوردمۆنیتەر ئەوەی ئاشکراکرد، لەنێو نەوەی نوێ و لایەنەکانی دیکەش پارتی توانیویەتی ژمارەیەک کورسی بۆ نێو بلۆکەکەی خۆی کۆبکاتەوە.
کورد مۆنیتەر لەگەڵ سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەیکرد و ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکرد، ئاگاداری جموجوڵەکەی پارتین و گوتی: ئەگەر ئەوە ڕووبدات بەدڵنیاییەوە دەرگا دەکرێتەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر ئەنجومەنی شورا کە ئەندامەکانی ماوە بەسەرچوون و ئەنجومەنەکەش سەرۆکی نییە، هاوکات سکاڵاش لەسەر ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار دەکرێت.





