
زاواکەی نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بووەتە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، چونکە بە فەرمی کاندیدی مالکیە بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق.
ماوەی چەند ڕۆژێکە لەنێوان دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی بنیاتنان بە سەرۆکایەتی سودانی کێشە دروستبووە، چونکە دەوڵەتی یاسا زاواکەی نوری مالکی بە ناوی (یاسر سخێل)ی بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق کاندید کردووە، ئەمجارە پۆستەکە بەرکەوتەی دەوڵەتی یاسایە.
لەبەرامبەردا هاوپەیمانی بنیاتنان بە سەرۆکایەتی سودانی داوایکردووە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو خۆی وەزیرانی ناوخۆ و دارایی دیاریبکات، ئەویش هەمان داواکاریی لەلایەنە شیعەکان هەبووە، بەڵام نوری مالکی ڤیتۆی هەیە.
لەنێوان موشرق فرێجی سەرکردە لە هاوپەیمانی بنیاتنان و هیشام رەکابی بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالکی لێدوانی توند بەرامبەر یەک دروستبوو، فرێجی دەڵێت سودانی پێداگرە لەسەر ئەوەی وەزیری ناوخۆ کەسێکی بێلایەن بێت، یان عەبدولئەمیر شەمەری، لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام هیشام ڕەکابی بە توندی وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت “کەسێک پێشتر حکومەتی بە گەندەڵ ناو دەبرد، ئێستا هاتووە ئامۆژگاریی سەرۆک وەزیران دەکات”.





