کورسییەکەی کاکە حەمە دەچێتە چی بەرەیەکەوە؟ ئایا ریسک بە فەوجە سەربازیییەکەیەوە دەکات؟

 

پارتی جوڵەیەکی نوێی دەستپێکردووە بۆ ئامادەکردنی نیوە کۆی یەکی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان تائێستا خۆی یەلکایی نەکردووەتەوە، ئایا دەچێتە بەرەی پارتی یان دەچێتە بەرەی یەکێتی لە پرسی زۆرینەی پەرلەمانیدا، بەڵام لە ئەگەری نەچوونە بەرەی پارتی پێدەچێت پارتی کاردتی مووچە فەوجە سەربازییەکەی وەک فشار بەکاربهێنێت.

رۆژی 17ـی کانونی دووەمی ئەمساڵ شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی محەمەد حاجی مەحمود، سکردتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانی کرد، دوای کۆبونەوەکەیان بافڵ تاڵەبانی وتی: “کاکە حەمە رەنگە ئامادەنەبێت بێتە ناو رێککەوتنەکەمانەوە، بەڵام لە دڵەوە پشتیوانیمان دەکات”.

هەوڵەکەی ئەو کاتەی یەکێتی بۆ دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی کوردستان بوو، بەڵام جگە لە نەوەی نوێ هیچ لایەنێکی تر لەگەڵیدا بە فەرمی رێکنەکەوت، بەپێی زانیارییەکان بزوتنەوەی گۆڕان کە خاوەنی یەک پەرلەمانتارە، ئامادەیی دەربڕیوە بچێتە بەرەکەی یەکێتییەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، پارتی چاوەڕێبووە حکومەتی عێراق پێکبهێنرێت و دواتر دەست بە جوڵەکانی بکات بۆ دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی، ئەمڕۆ کورد مۆنیتەر هەوڵە نوێیەکەی پارتی ئاشکراکرد.

کورد مۆنیتەر زانیویەتی، پارتی دەیەوێت بەم هەنگاوە هەرێم لە چەقبەستویی سیاسی رزگار بکات، یان ئەوەتا سەرکەوتوو دەبێت و حکومەت پێکدێنێت، یان ئەوەتا لایەنەکانی تر ناچار بە کاردانەوە دەکات، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکەن و ئەم خولەی پەرلەمان هەڵەبوەشێنڕێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، پارتی بەبێ ئامادەکاری ئەو هەنگاوە نانێت، واتە بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی دەرەوەی حزبەکەی خۆی رازیکردووە بەشداری کۆبونەوەی پەرلەمان بکەن، کە بە ئەگری زۆرە دەتوانێت نیوە کۆ یەک کۆبکاتەوە.

یەکێک لەو لایەنانەی دەتوانێت هاوکێشەکە یەکلایی بکاتەوە، حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانە، کە خاوەنی یەک کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان پارتی بۆ دروستکردنی زۆرینە پێویستی بە کورسییەکەی سوسیالستە، بەڵام تائێستا نازانرێت ئەو حزبە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا کام بەرەیان هەڵدەبژێرێت، بەڵام بەرەی یەکەم چەند ساڵێکە فەوجێکی سەربازی بۆ سۆسیالت دروستکردووە و مووچە و پێویستییەکانیان دابیندەکات.

ئەو فەوجە سەربازییەی محەمەد حاجی مەحمود لە گوڵەخانە و شاخی سورێن دەوام دەکەن و ژمارەیان نزیکەی 500 کەسە، رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی محەمەد حاجی مەحمود و عيبدوڵا حاجی مەحمود لە بەرژەوەندی محەمەد حاجی مەحمود.

هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان مەبەستێتی چەقبەستویی سیاسی هەرێم تێپەڕێنێت، بەڵام نازانرێت لایەنەکان تاچەند بە دەمیەوە دەچن و لە بەرامبەردا پارتی چی فشارێک لە لایەنەکان دەکات بۆ چوون بەدەم هەنگاوەکەیەوە

Back to top button