
دۆسیەی چەک و پشکی وەزارەتەکان ڕێگرن لە ڕاگەیاندنی حکومەت و ئەگەری کشانەوەی عەلی زەیدی لە ئارادایە.
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بۆ میدیای عێراقیی، سووربوونی هەندێک لە گروپە چەکدارەکان لەسەر ڕەتکردنەوەی داماڵینی چەکەکانیان، هۆکاری دواکەوتنی ڕاگەیاندنی کابینەی حکومەتە. هاوکات توێژەرێکی سیاسی هۆکارەکە بۆ ململانێی لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان دەگەڕێنێتەوە و پێشبینی دەکات عەلی زەیدی لە سەرۆکایەتیی حکومەت بکشێتەوە.
گرنگترین هۆکاری یەکلانەکردنەوەی کابینەی وەزاری، بڕیاری لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگییە کە لەلایەن عەلی زەیدییەوە پێکهێنراوە بۆ کورتکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا؛ بەڵام هەندێک لایەن بەهۆی نادیاریی چارەنووسی چەکەکانیان، ڕەتی دەکەنەوە دەستبەرداری ببن.”
لیژنەکە گروپە چەکدارەکانی بۆ چوار جۆر پۆلێن کردووە:
گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی: ئەوانەی بەشداریی شەڕی ئێستا (ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران)یان نەکردووە بەڵام چەکی تایبەتیان هەیە؛ دەبێت بە تەواوی لە ناو حەشددا بتوێنەوە و ناوی وەک (سەرایای سەلام، سەرایای عاشورا و هیتر) نەمێنێت.
ئەوانەی بەشداریی شەڕیان کردووە: دەبێت چەکەکانیان ڕادەست بکەن و ببنە بەشێک لە حەشد، بەڵام ڕەتی دەکەنەوە چەکەکانیان بدەنە دەزگای دژە تیرۆر. زەیدی بەڵێنی داوە خۆی سەرپەرشتیی ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە وەزارەتە ئەمنییەکان بکات.
گروپەکانی دەرەوەی حەشد: ئەوانەی بەشداریی شەڕیان نەکردووە و ڕەتیدەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن، چونکە متمانەیان بە پلانەکانی ئەو لایەنە نییە کە چەکەکەیان لێ وەردەگرێت.
باڵە چەکدارەکانی لایەنە سیاسییەکان: ئەوانەی نوێنەرایەتییان لە حکومەتدا هەیە، دەبێت کۆتایی بە بوونی چەکدارییان لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەمنی و حەشد بهێنن.
جگە لە کێشەی چەک، ململانێی ناوخۆیی لایەنەکان لەسەر وەزارەتەکان هۆکارێکی تری دواکەوتنەکەیە. سەرچاوەکان دەڵێن لایەنە کوردی، سوننە و شیعەکان لیستی کاندیدەکانیان گۆڕیوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی خاڵەکان.
لە نێوان لایەنی شیعەدا، ململانێیەکی توند لە نێوان هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا (مالیکی)، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (سوودانی) و ڕەوتی حیکمە (حەکیم) هەیە. حەکیم سوورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی نەوت، تائێستاش دانوستانەکان بۆ یەکلایکردنەوەی وەزارەتە سیادییەکانی وەک (نەوت، دارایی، ناوخۆ) نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
ئەگەری کشانەوەی زەیدی
ئەبو میساق مەساری، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، ئەگەری زۆرە عەلی زەیدی بەهۆی گوشارەکان و ڕێگرییەکانەوە لە ڕاسپاردنەکەی بکشێتەوە. پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگیدا داوای لێبوردن بکات، ئەگەر نەتوانێت دیدگای لایەنەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە.





