حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئێران دەکەن

 

حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەن وەڵامی هێرشەکانی ئێران بدەنەوەو بژاردەی “بەرگریی ڕەوا” لەسەر مێزەکەیانە.

حیزبە کوردییەکانی ئێران ئامادەیی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران نیشان دەدەن، ئەگەر بێتو تاران بەردەوام بێت لە هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر بارەگا و کەمپی پەنابەرانیان لە هەرێمی کوردستان.

سەرەڕای ئەوەی لە 8ی نیسانی ڕابردووەوە ئاگربەست لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا چوووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران و گرووپە عێراقییەکان بۆ سەر ئەو شوێنانە نەوەستاون.

لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بارەگا و کەمپەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر، کۆیە و سلێمانی، ڕووبەڕووی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنی و موشەکیی ئێران بوونەتەوە. پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو کە لە نێوان 28ی شوبات تا 20ی نیسان، هەرێم ڕووبەڕووی 809 هێرش بووەتەوە، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 20 کەسی مەدەنی و برینداربوونی 123 کەسی تر.

جووڵەی سەربازی و چالاکیی ناوخۆیی

سەرکردایەتیی حیزبە کوردییەکان بە “کەناڵی ئەلحوڕە”یان ڕاگەیاندووە کە هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان هێشتا هیچ جووڵەیەکی سەربازییان بۆ بەزاندنی سنوورەکان و چوونە ناو خاکی کوردستانی ئێران دەستپێنەکردووە، بەڵکو ئێستا جەخت لەسەر چالاکیی باڵە سیاسی و سەربازییەکانیان لە ناوخۆدا دەکەنەوە. ئەوان دەڵێن زۆربەی هێزەکانیان لە ناو شار و گوندەکانی کوردستانی ئێراندان و ڕۆژانە ئۆپۆزسیۆن هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی سوپای پاسداران، ئیتیلاعات و بەسیج.

بە بڕوای ئەم سەرکردانە، ئامانجی سەرەکیی ئێران لە بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم، “لاوازکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و لەناوبردنیەتی لە داهاتوودا”، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە ناوچەکەدا.

“مافی بەرگریی ڕەوا”

عەلی ڕەنجبەر، سەرکردەی دیار لە “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”، ئاماژە بەوە دەکات کە پێشێلکارییەکانی تاران بۆ ڕێککەوتنامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران دەری دەخات کە ڕژێم پابەندی بەڵێنەکانی نییە. ڕەنجبەر وتی: “ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت لە هێرشەکانی و لایەنە عێراقییەکان سنوورێکی بۆ دانەنێن، ئەوا مافی بەرگریی ڕەوا بۆ گەل و نەتەوەکەمان بەکاردەهێنین.” هاوکات جەختیشی کردەوە کە هەر بڕیارێکی ئەوان بە ڕەچاوکردنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ڕێککەوتنامەی ئەمنی و هەڵوێستی بەغدا

لە ساڵی 2023وە، ئەم حیزبانە بەپێی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران، چالاکییە سەربازییەکانیان لە سنوورەکان ڕاگرت و چەکەکانیان ڕادەست کرد و گوازرانەوە بۆ کەمپی دوور لە سنوور. قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەڵێت بەغدا پابەندە بە ڕێککەوتنەکە و ڕێگە نادات خاکی عێراق ببێتە شوێنێک بۆ زیان گەیاندن بە ئێران.

هاوپەیمانییەکی نوێ و پشتیوانیی نێودەوڵەتی

لە مانگی شوباتدا، شەش ڕێکخراوی دیاری کوردی هاوپەیمانییەکی سیاسی-سەربازییان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی پێکهێنا. ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان ئاماژە بە هەبوونی پەیوەندیی نهێنی لە نێوان ئەم حیزبانە و بەرپرسانی ئەمریکی دەکەن.

جێی سەرنجە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆیتەرز لە 5ی ئازاردا، پشتیوانیی خۆی بۆ هێزە کوردییەکان دەربڕی و وتی: “پێم وایە ئەوە کارێکی نایابە کە دەیانەوێت ئەو کارە (هێرشکردنە سەر ئێران) بکەن، من بە تەواوی پشتیوانییان دەکەم.”

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، ڕایگەیاند: “هەوڵەکانی هەرێم بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ، نەیپاراستووە لە تیرۆری ئێران، بۆیە پێویستە وەڵامی هاوشێوەمان هەبێت.”

لەلایەکی ترەوە، ماردین زاهیدی، سەرکردە لە ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران، پێی وایە هەر جووڵەیەکی سەربازی بەرەو ناوخۆ پرسێکی ستراتیژییە و پەیوەستە بە بارودۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەڵامدانەوە تەنها سەربازی نییە، بەڵکو بەهێزکردنی خەباتی سیاسی و مەدەنی و میدیاییش ئامرازێکی کاریگەرە بۆ پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕژێمی ئێران.

 

Back to top button