
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند کە پلانەکان بۆ سەردانیکردنی تورکیا “لە قۆناغی ئامادەکاریدان” و ئەگەری هەیە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجام بدرێت.
عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ئەلـمۆنیتۆر” ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بەردەوامە، بەڵام پێی وابوو “سوودبەخشترە” کە حکومەتی سووریا لایەنێک بێت لە هەر گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تورکیا.
سەبارەت بەوەی کە ئایا بانگهێشتنامەی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ سەردانی ئەنقەرە پێگەیشتووە، عەبدی وتی: “دەتوانین بڵێین پلانێکی لەو شێوەیە لە قۆناغی ئامادەکاریی دایە.” کاتێکیش پرسیاری لێکرا کە ئایا لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو سەردانەدا دیداری ئۆجەلان پێكدێت، لە وەڵامدا وتی: “بەڵێ، ڕەنگە ئەوە ڕووبدات.”
هەروەها باسی لەوە کرد کە هێزەکانی ئێستا بوونەتە “بەشێک لە سوپای سووریا و تورکیا هیچ هۆکارێکی نییە بۆ نیگەرانی؛ چونکە هەسەدە هەمیشە جەختی لەسەر ویستی خۆی بۆ پەیوەندییەکی ئاشتییانە و دراوسێیەتییەکی باش کردووەتەوە.”
سەبارەت بە دۆسیەی یەکگرتنەوە لەگەڵ دیمەشق، عەبدی گوتی: “هەسەدە هێشتا هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی لەگەڵ سوپای سووریادا بەردەوام دەبێت.” هەروەها جەختی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە پێکهێنانی چوار لیوا لە شەڕڤانانی هەسەدە لەخۆدەگرێت کە لە ژێر چاودێریی فەرماندەکانی خۆیاندا لە چوارچێوەی سوپای سووریادا دەبن.
ناوبراو دانی بە هەندێک هەڵەدا نا لە کاتی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق و گوتی: “هێزەکانمان نەرمی تهواویان نواند و دەکرا یەکگرتنەوەکە لە ناوچە زۆرینە عەرەبەکانەوە وەک ڕەققە و دێرەزوور دەستپێبکات، لەبری ئەوەی سوور بین لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتمان وەک یەکەیەکی یەکگرتوو.”
لە کۆتاییدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا گرت و وتی: “سیاسەتی واشنتۆن بەلای بەرژەوەندییەکانی حکومەتی ناوەندییدا شکایەوە؛ ئەمریکییەکان درەنگ کەوتن و دەیان توانی هەژموونی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ڕاگرتنی شەڕ پێش ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا تا ئەم ئاستە پێشڕەوی بکەن.”





