هۆشدارییەکەی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر عەلی زەیدی داناوە

پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە، متمانەی بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی بەخشی، ئەوەش دوای پەسەندکردنی 14 وەزارەت لە کۆی 23 وەزارەت، بەو مەرجەی دوای جەژن دەنگ لەسەر تەواوکاریی پێکهاتەی حکومەتەکە بدرێت.

ئەوەی تێبینی دەکرێت، ناوی ئەو 14 وەزیرەی تێپەڕێنران و متمانەیان وەرگرت، خاڵی بوون لە هەر کەسایەتییەکی سەر بەو گروپە چەکدارانەی کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، وەک: عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا و کەتائیبی ئیمام عەلی.

بڕیار وابوو بزووتنەوەی “سادقون”، کە باڵی سیاسیی “عەسائیبی ئەهلی حەق”ە بە ڕێبەرایەتی قەیس خەزعەلی، دوو پۆستی لە حکومەتی داهاتوودا هەبێت کە بریتین لە: جێگری سەرۆک وەزیران و وەزارەتێک، بەڵام ئەمە لە دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا ڕووی نەدا. بڕیاریشە پەرلەمان دوای پشووی جەژنی قوربان لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دەنگدان لەسەر وەزارەتەکانی تری حکومەتەکەی زەیدی تەواو بکات.

لە واشنتۆنەوە، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە پێگەی “ئەلحوڕڕە”ی ڕاگەیاند کە ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکات و جەختی کردەوە کە “عێراق بژاردەیەکی لەبەردەمدایە کە دەبێت هەڵیبژێرێت” سەبارەت بە بەشداریی گروپە چەکدارەکان لە حکومەتی داهاتوودا.

ئەم لێدوانەی وتەبێژەکە لە وەڵامی پرسیاری پەیوەست بە ڕۆڵی ئێران لە پێکهێنانی حکومەت و تێڕوانینی ئەمریکا بۆ زیادبوونی هەژموونی گروپە چەکدارەکان لە عێراق هات. وتەبێژەکە گوتیشی: “نابێت میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران هیچ ڕۆڵێکیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت، هەروەها نابێت پارەی حکومەتی عێراق بۆ پشتگیریکردنی ئەم میلیشیایانە بە هیچ شێوەیەک بەکاربهێنرێت.” ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا “لەسەر ئەم بنەمایە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ حکومەتە نوێیەکە دیاری دەکات.”

ئەمریکا ڤیتۆی خستووەتە سەر بەشداریی شەش گروپی چەکدار کە باڵی سیاسییان هەیە لە حکومەتی داهاتوودا.” ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی:کە ڤیتۆکەی ئەمریکا لە ڕێگەی نامەیەکەوە گەیشتووەتە دەست کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بێ ئەوەی ناوی ئەو گروپانە ئاشکرا بکات.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئەو هاوپەیمانێتییانەی لە سەرەتای 2026دا پێکهاتن، دەریانخست کە هێزی سیاسیی ئەم گروپانە بە شێوەیەکی بێوێنە زیادی کردووە. بەپێی ئامارێکی “ئەلحوڕڕە”، ئەو گروپە چەکدارانەی لە عێراقدا چالاکن، نزیکەی چارەکی کورسییەکانی پەرلەمانیان بردۆتەوە (80 پەرلەمانتار لە کۆی 329 کورسی).

هەموو ئەم گروپانە لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدان، کە هێزە شیعە دۆستەکانی ئێرانی تێدایە و بە 180 پەرلەمانتار خاوەنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە و مافی دەستووریی بۆ کاندیدکردنی سەرۆک وەزیرانی هەیە.

واشنتۆن ماوەی چەند مانگێکە فشارێکی زۆر دەخاتە سەر حکومەتی عێراق و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ مامەڵەیەکی توند لەگەڵ پرسی چەکی گروپە چەکدارەکان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: ئەوان چاوەڕێی بەڵێنی سیاسی لە عەلی زەیدی و سەرکردەکانی تر ناکەن، بەڵکو بەدوای “کرداردا دەگەڕێن نەک تەنیا گوتار”.

 

Back to top button