نیویۆرک تایمز: پلان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دژ بە ئێران لە هەفتەی داهاتوودا

 

دوو بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناویان قسەیان بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کردووە، ڕایانگەیاندووە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئامادەکاریی چڕوپڕدان، کە بە گەورەترین ئامادەکاریی دادەنرێت لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە، ئەمەش بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دژ بە ئێران لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.

ئەم پێشهاتانە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێن لە پەکین، تا بریار لە بژاردەی یەکلاکەرەوە بدات سەبارەت بە مەلەفی ئێران، لە کاتێکدا یاریدەدەرە باڵاکانی کار لەسەر ئامادەکردنی پلانی گەڕانەوەی هێرشە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر ترەمپ بڕیاری شکاندنی دۆخی چەقبەستوویی بدات.

هەرچەندە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە. بەڵام یاریدەدەرە باڵاکانی کار لەسەر داڕشتنی پلانی جەنگ دەکەن هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکانی ئاشتی، لە کاتێکدا لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدەن بۆ گەڵاڵەکردنی سازشێک کە ڕەنگە پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، بە جۆرێک کە ڕێگە بدات بە کەمکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی دەرچەیەکی سیاسی بۆ قەیرانەکە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە مەلەفی ئێرانی لەگەڵ شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی تاوتوێ کردووە و ڕوونی کردەوە کە داوای لە پەکین نەکردووە گوشار بخاتە سەر تاران، سەرەڕای ئەوەی چین هاوبەشێکی ستراتیژیی ئێرانە و پشت بە تێپەڕبوونی وزە دەبەستێت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، لە کاتێکدا وردەکاریی زیاتر لەسەر سروشتی ئەو گفتوگۆیانە ڕوون نەبووەتەوە.

هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، پێنتاگۆن بەردەوامە لە ئامادەکردنی پلانی سەربازی کە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی “توڕەیی داستانی” دەگرێتەوە، کە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی مانگی ڕابردوو وەستابوو، لەگەڵ ئەگەری دەستپێکردنی لە ژێر “ناوێکی نوێ”دا لە حاڵەتی دەرچوونی بڕیارەکەدا.

پیت هیگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە بەردەم کۆنگرێسدا ڕایگەیاند کە واشنتۆن “پلانی هەیە بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان ئەگەر پێویست بکات”، هاوکات ئاماژەی بە پلانەکانیش کرد بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دوای ماوەی بەهێزکردنی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر سەرۆک ترەمپ بڕیاری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بدات، ئەوا بژاردە پێشنیارکراوەکان هێرشی بۆردومانی توندتر دەگرنەوە کە پێگە سەربازییەکان و ژێرخانەکان لە ناوەوەی ئێراندا دەکەنە ئامانج.

بەرپرسان لەوەکردووە، بژاردەیەکی تر خۆی لە بڵاوەپێکردنی هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان دەبینێتەوە لەسەر زەوی بۆ گەڕان بەدوای ماددە ئەتۆمییەکاندا کە لە قووڵایی زەویدا هەڵگیراون، ئەوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەند سەد کەسێک لەم هێزانە لە مانگی ئازاردا گەیشتبوونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی گوتەی بەرپرسان، دەکرێت ئەم هێزە زەمینییە پسپۆڕانە لە ئەرکێکدا بەکاربهێنرێن کە یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرز لە پێگەی ئەتۆمیی ئەسفەهان بکاتە ئامانج، بەڵام ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە پێویستی بە بڵاوەپێکردنی هەزاران کەس لە هێزەکانی پاڵپشتیش دەبێت بۆ دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی، لەگەڵ ئەگەری پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئێراندا.

بەرپرسانی سەربازی دانیان بەوەدا ناوە کە ئەم سیناریۆیە مەترسیی گەورەی تێدایە سەبارەت بە ئەگەری کەوتنەوەی زیانی گیانی.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران پێشتر ئامادەیی خۆیان بۆ ئەگەری گەڕانەوەی کارە دوژمنکارییەکان ڕاگەیاندبوو، و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتبووی: “هێزە چەکدارەکانمان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ وەڵامدانەوەی توند دژی هەر دەستدرێژییەک؛ ستراتیژیی هەڵە و بڕیاری هەڵە حەتمەن دەبنە هۆی ئەنجامی هەڵە. هەموو جیهان لەم بابەتە تێگەیشتووە. ئێمە ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرەکان؛ و تووشی سەرسوڕمان دەبن.”

Back to top button