واشنتۆن هەڕەشەی جێبەجێکردنی “سیناریۆی مادۆرۆ” دژ بە ڕائول کاسترۆ دەکات

سەرنجەکان چوونەتەسەر گرژییەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کوبادا، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕاپۆرتە سیاسی و میدیاییەکان باس لە ئامادەکاریی واشنتۆن دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی کە بە “نموونەی نیکۆلاس مادۆرۆ” ناسراوە دژ بە ڕێبەری کوبی، ڕائول کاسترۆ.

بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا تاوتوێی ئاراستەکردنی تۆمەتی فەرمی دژی کاسترۆ دەکەن، کە پەیوەندیی بە خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی مەدەنی لە ساڵی 1996دا هەیە کە سەر بە ڕێکخراوی “برایانی ڕزگاریخوازی” بوون، لە ڕووداوێکدا کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس.

تۆڕی “سی بی ئێس”ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستوویەتیەوە کە تۆمەتبارکردنەکە پشت بەو تۆمەتانە دەبەستێت کە دەڵێن هێزی ئاسمانیی کوبا ئۆپەراسیۆنەکەی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕائول کاسترۆ جێبەجێ کردووە.

هاوکات ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە وەزارەتی داد ڕەنگە لە 20ی ئایاردا، نوسراوی تۆمەتبارکردنی فەرمی دژ بە ڕێبەری پێشووی کوبا ڕابگەیەنێت، ئەمەش هاوکات دەبێت لەگەڵ چالاکییەک لە ناوچەی “بورجی ئازادی” لە شاری میامی بۆ یادکردنەوەی ئەو چوار فڕۆکەوانەی لە ڕووداوەکەدا کوژران.

ڕۆژنامەی Miami Herald ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە دۆسیەکە پشت بەو تۆمارە دەنگییانە ببەستێت کە میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی کوبا بەدەستیان هێناوە، و پێدەچێت بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بە ڕووداوەکەوە لەخۆ بگرن.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ئەگەرەکانی ئاراستەکردنی تۆمەتەکە خۆی بەدوور گرت و گوتی کە ئەو بڕیارە بۆ وەزارەتی دادی ئەمریکا جێدەهێڵێت.

شارەزایانی کاروباری ئەمریکای لاتین پێیان وایە کە سیناریۆ پێشبینیکراوەکە ئەوەیە، دۆسیەکە بۆ مەلەفێکی تاوانکاریی فیدراڵی دەگۆڕێت، دواتریش هەنگاوە توندەکان دەستپێدەکات، کە دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی و تەرخانکردنی خەڵاتی دارایی لە بەرامبەر پێدانی زانیاری بۆ دەستگیرکردنی دەگرێتەوە.

شیکارییە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەر تۆمەتبارکردنێکی فەرمی دژ بە کاسترۆ، ڕەنگە ڕێڕەوی ئەو گفتوگۆیانە لەبارببات کە ئێستا لە نێوان واشنتۆن و هاڤانادا هەیە، بەتایبەت دوای دیدارەکانی ئەم دواییەی نێوان جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی کوبا لە هاڤانای پایتەخت.

واشنتۆن لەو دیدارانەدا پابەندبوونی خۆی بە هاوکاریی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ کوبا دوپاتکردەوە “لە حاڵەتی جێبەجێکردنی گۆڕانکاریی بنەڕەتیدا”، لە کاتێکدا حکومەتی کوبا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دروست ناکات، ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە تایبەت بوون بە میوانداریکردنی چالاکیی دوژمنکارانە دژ بە واشنتۆن.

لە هەمان چوارچێوەدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی تر دەستپێشخەرییەکی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار بۆ کوبا خستەوە ڕوو، بە مەرجێک لە ڕێگەی کەنیسەی کاسۆلیکەوە دابەش بکرێت نەک لە ڕێگەی حکومەتەوە.

لای خۆشیەوە، میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا داوای لە ئیدارەی ئەمریکا کرد کە گەمارۆی ئابووری لەسەر وڵاتەکەی لادات و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە “خێراترین و کاریگەرترین ڕێگەیە” بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لە کوبا.

Back to top button