
ڕۆژنامەی “دەیلی تەلەگراف” بڵاویکردەوە، لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گوشارەکانی ناو پارتی کرێکارانی فەرمانڕەوادا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕەنگە تاوتوێی ئەوە بکات بە ئارەزوومەندانە لە سەرۆکایەتیی حکومەت بکشێتەوە لە بەرژەوەندیی ئاندی بێرنھام، سەرۆکی شارەوانیی مانچستەر.
بەپێی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە، ستارمەر پێداچوونەوە بە “سەرجەم بژاردەکان”دا دەکات، سەرەڕای ئەوەی جەختی لەسەر ئامادەیی خۆی کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵنگارییەک کە سەرکردایەتییەکەی لە ناو پارتەکەدا بکاتە ئامانج. ئاماژە بەوەش کراوە کە سیناریۆی دەستلەکارکێشانەوە ڕەنگە ببێتە ئەگەرێکی جددی ئەگەر باڵە جیاوازەکانی ناو پارتی کرێکاران بتوانن لەسەر بێرنھام وەک جێگرەوەیەکی گونجاو ڕێکبکەون.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ستارمەر پێش ڕوونبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی لاوەکیی بازنەی “ماکەرسفیڵد” هیچ هەنگاوێک نانێت؛ چونکە پارتەکە دەیەوێت خۆی لە هەر دابەشبوونێکی ناوخۆیی بپارێزێت، کە ڕەنگە بەهۆی ڕاگەیاندنی پێشوەختەی دەستلەکارکێشانەوەوە قووڵتر ببێتەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ناو پارتی کرێکارانەوە گواستوویەتییەوە، کە گوشار هەیە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکە دەستلەکارکێشانەوەکە ڕانەگەیەنرێت، لە ترسی دروستبوونی ململانێی ناوخۆیی لەنێوان ڕەوتە لایەنگر و دژبەرەکانی بێرنھام، ئەوەش ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی دۆخی ناوخۆیی پارتەکە.
لە 14ی ئایاردا، بێرنھام خۆپاڵاوتنی بۆ بازنەی ماکەرسفیڵد لە باکووری ئینگلتەرا لە هەڵبژاردنی تەواوکاریی ئەنجومەنی گشتیدا (پەرلەمان) ڕاگەیاند، پێش ئەوەی لیژنەی جێبەجێکاری نیشتمانیی پارتی کرێکاران لە 15ی ئایاردا بە فەرمی بەربژێربوونی پەسەند بکات.
بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18ی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی جۆش سیمۆنز، پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران، بۆ ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم بێرنھام تا بێتە ناو پەرلەمانەوە. ئەم هەنگاوەش ڕەنگە ڕێگا لەبەردەمیدا خۆش بکات بۆ گرتنەدەستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا لە داهاتوودا، بەو پێیەی نەریتی سیاسیی بەریتانیا وەهایە، مەرجە سەرۆکی حکومەت ئەندامی پەرلەمان بێت.
پێشتر بێرنھام هەوڵی دابوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنی لاوەکییەوە لە مانچستەر لەمانگی کانوونی دووەمدا بێتە ناو ئەنجومەنی گشتییەوە، بەڵام سەرکردایەتیی پارتەکە ڕێگریی لە خۆپاڵاوتنی کرد، ئەمەش لەبەر مەترسیی گۆڕانی بۆ ڕکابەرێکی ڕاستەوخۆی ستارمەر لەسەر سەرکردایەتیی پارتەکە و سەرۆکایەتیی حکومەت، وەک ئەوەی تۆڕی “سکای نیوز” ئاماژەی پێدابوو.





