ئیسرائیل دوو بنکەی سەربازیی لەناو خاکی عێراقدا هەیە

 

لەکاتێکدا باس لە بوونی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لەناو خاکی عێراق دەکرا، بەڵام ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، دوو بنکەی سەربازیی ئیسرائیل لە بیابانەکانی عێراق دا هەن.

ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێک ئامادەکاریی بۆ دروستکردنی پێگەیەکی نهێنی لە ناوخۆی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا دژی ئێران بەکاریبهێنێت؛ لە کاتێکدا بەرپرسانی عێراقی دواتر بوونی بنکەی دووەمیان لە بیابانی ڕۆژئاوای عێراقدا پشتڕاستکردەوە.

ڕۆژنامەکە ڕوونکردنەوەی داوە کە تێپەڕبوونی بارهەڵگرێک لە کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 3ی ئاداردا لە بیابانی ڕۆژئاوای عێراق، دیمەنێکی ئاسایی بووە بۆ دانیشتووانی یەکێک لە کۆمەڵگە بەدەوییەکان، کاتێک شۆفێرەکەی شوانی مێگەلێکی خۆجێی بووە و بەرەو شارۆچکەی “نوخێب”ی نزیک لەوێ بەڕێوەبووە.

بەڵام گەڕانەوەی بارهەڵگرەکە دوای چەند کاتژمێرێک بە سووتاوی و کونکراوی بە فیشەک، شتێکی ئاسایی نەبوو؛ بەو پێیەی سێ شایەتحاڵ ڕایانگەیاندووە، کە هێلیکۆپتەرێک ڕاوەدووی ئۆتۆمبێلەکەی ناوە و چەندین جار تەقەی لێکردووە تا لە ناوەڕاستی لمەکەدا ڕاوەستاوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هێرشە کە پێشتر ئاشکرا نەکراوە، دوای ئەوە ڕوویداوە کە عەواد شەمەری (29 ساڵ) بۆ کڕینی پێداویستی گەشتێکی کردووە، پێش ئەوەی بە گوتەی خێزانەکەی ڕووبەڕووی پێگەیەکی سەربازیی نهێنیی ئیسرائیل ببێتەوە لە بیابانی عێراقدا، کە ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی ژیانی.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، کە شەمەری لە کاتی گەشتەکەیدا پەیوەندی بە فەرماندەیی سەربازیی عێراقەوە کردووە بۆ ڕاپۆرتکردن لەسەر ئەو شتانەی کە بینیویەتی، لەوانەش: سەرباز، هێلیکۆپتەر و خێمە لە نزیک ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەکاندا. ڕۆژنامەکە جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل بنکەیەکی لەوێ بەڕێوەبردووە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران.

“نیویۆرک تایمز” ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە بوونی بنکەیەکی ئیسرائیل لە عێراق پێشتر لە لایەن ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ەوە ئاشکرا کرابوو، لە کاتێکدا بەرپرسانی عێراقی بۆ ڕۆژنامە ئەمریکییەکە پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە بنکەی دووەمی ڕانەگەیەندراویش لە بیابانی ڕۆژئاوادا بوونی هەیە.

هەر بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە، بەرپرسانی ئەمریکا فشاریان لە بەرپرسانی عێراق کردووە کە راداری فڕۆکەوانی دابخەن، ئەوەش لەپێناوی پاراستنی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێران.

Back to top button