زەیدی هەڵەی سێ سەرۆک وەزیرانەکەی پێش خۆی دووبارە دەکاتەوە؟

مەلەفی دامەزراندن لە کەرتی گشتیی عێراق لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا (لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدییەوە تا کۆتایی کابینەی محەمەد شیاع سودانی لە 2026)، یەکێک بووە لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین بابەتە ئابوریی و سیاسییەکان. ئەم ڕاپۆرتە بەپشتبەستن بە داتا و ئامارە فەرمییەکان، شیکاریی بۆ گۆڕانکارییەکانی قەبارەی میلاکات و تێچووی دارایی لە سێ کابینەی جیاوازی حکومەتی عێراق دا دەکات.

کابینەی عادل عەبدولمەهدی (لە تشرینی یەکەمی 2018 تا کانوونی یەکەمی 2019

عادل عەبدولمەهدی لە دوای حەیدەر عەبادی، بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە تێڕوانینێکی ئابورییەوە دەستی پێکرد کە دەیویست کەرتی تایبەت چالاک بکات و باری سەر شانی کەرتی گشتی سووک بکات، بەڵام خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019 (ڕاپەڕینی تشرین) ئاڕاستەکەی بەتەواوی گۆڕی.

پێش خۆپیشاندانەکان، حکومەت هەوڵی جێگیرکردنی میلاکاتی دەدا، بەڵام بۆ هێورکردنەوەی شەقام، حکومەت ناچاربوو دەرگای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی بکاتەوە.

بڕیاری 315 و 334: ئەم دوو بڕیارە مێژووییە لە کۆتایی 2019 دەرچوون بۆ ڕێکخستنی دۆخی کارمەندانی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە لە سەرجەم وەزارەتەکان، کە دواتر بوونە بنەمای فەرمی بۆ گۆڕینی سەدان هەزار کارمەند بۆ سەر میلاکی هەمیشەیی.

ژمارەی دامەزراندن لەم قۆناغەدا لەنێوان 200 هەزار بۆ 250 هەزار کەس بوو لەژێر ناونیشانی جیاواز (گرێبەست، کرێی ڕۆژانە، و هەمیشەیی بۆ بڕوانامە باڵاکان و پزیشکی) .

کابینەکەی مستەفا کازمی (ئایاری 2020 بۆ تشرینی یەکەمی 2022)

کازمی لە سەردەمێکی توندی قەیرانی داراییدا (دابەزینی نرخی نەوت بۆ ژێر 30 دۆلار بەهۆی کۆرۆناوەا) دەسەڵاتی گرتەدەست. سیاسەتی ئەم کابینەیە زیاتر بەرەو کەمکردنەوەی خەرجییەکان ڕۆیشت، لەو چوارچێوەیەشدا (وەرەقەی سپی) ستراتیژی کازمی بوو بۆ چاکسازیی ئابوریی، کە تێیدا هاتبوو تێچووی مووچەی گشتی لە 25٪ی بەرهەمی ناوخۆیی فەرمی کەم بکرێتەوە بۆ 12.5٪ لە ماوەی سێ ساڵدا، ئەمەش واتای ڕاگرتنی تەواوەتی دامەزراندن بوو.

بەگوێرەی یاسای بودجەی 2021 (ماددەی 61) دامەزراندنی نوێ لە تەواوی دامەزراوەکاندا قەدەغە کرا، تەنها گواستنەوەی میلاکات و جێگرتنەوە نەبێت.

یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراک لە سەردەمی کازمی دا دەرچوو، ئەوەش بەهۆی نەبوونی بودجە لە ساڵی 2022. لەژێر فشاری پەرلەماندا، بڕگەی دامەزراندنی 15 هەزار بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکان و چەند چینێکی تر جێگیرکرا، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی فەرمی کردنی خاوەن گرێبەستەکانی بڕیاری 315 کە خزمەتی زیاتر لە دوو ساڵیان هەبوو.

کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی (تشرینی یەکەمی 2022 تا ئایاری 2026)

کابینەی سودانی لە دۆخێکی دارایی زۆر باشدا (بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بوونی یەدەگێکی گەورەی دراو) دەستی بەکارکرد. سیاسەتی ئەم کابینەیە بە تەواوی پێچەوانەی کابینەی پێشوو بوو، بە جۆرێک گەورەترین شەپۆلی دامەزراندنی لە مێژووی نوێی عێراقدا تۆمارکرد.

یاسای بودجەی سێ ساڵە (2023- 2024-2025) دەرگای بۆ دامەزراندنێکی بێپێشینە کردەوە. زیاتر لە 800 بۆ 900 هەزار کەس لە ماوەی ساڵانی 2023 و 2024 خرانە سەر میلاکی هەمیشەیی. ئەمەش گۆڕینی سەرجەم گرێبەستەکانی وەزارەتی پەروەردە (وانەبێژان)، کارەبا، تەندروستی، و سێسەد هەزار گرێبەستی نوێی پارێزگاکانی گرتەوە.

ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی ڕۆڵی سەرەکی بینی لە ڕێکخستن و دامەزراندنی زیاتر لە 74 هەزار دەرچووی یەکەمەکان و بڕوانامە باڵاکان لە یەک جاردا.

گۆڕانکاری لە پێکهاتەی هێزە ئەمنییەکان و گەڕاندنەوەی دەیان هەزار کەس لەوانەی گرێبەستەکانیان هەڵوەشابووەوە لە وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، و حەشدی شەعبی.

بەراوردی ئاماری و گەشەی ژمارەی فەرمانبەران لە (2018 تا 2026)

کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە ماوەی ئەم سێ کابینەیەدا لە (گرێبەست و کرێی ڕۆژانە)وە کراونەتە هەمیشەیی، یان بە تەواوی دامەزرێندراون، پێکەوە دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس، کە پشکی شێر بە ڕێژەی نزیکەی 70٪ بەر کابینەکەی سودانی دەکەوێت.

 

Back to top button