قەیس خەزعەلی بە دەستگیرکردنی سەرکردەکەی حزبوڵڵا بەیعەتی بە ترەمپ دا؟

 

محەمەد باقر سەعد داود سەعدی. عێراقییەکی تەمەن 32 ساڵە، لە پشت پەردەی گروپە شاراوەکانەوە، خۆی لە بەردەم دەزگا ڕاگەیاندنە جیهانییەکاندا بینییەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی وەزارەتی دادی ئەمریکی لە مانهاتن نیشتەوە، لە کاتێکدا ناوبراو بە شەش تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆری نێودەوڵەتییەوە کەلەپچە کرابوو.

سەعد وەک سەرکردەیەکی دیار لە “کەتائیبی حزبوڵڵا”ی عێراقی ئەژمار دەکرێت و نزیک بووە لە سەرکردەکانی بەرەی یەکەم، وەک قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس. بەڵام چالاکییەکانی ئەم دواییەی سنووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێپەڕاند، تا لە ژێر ناوێکی خوازراودا سەرکردایەتی “بزووتنەوەی ئەسحابول یەمینی ئیسلامی” بکات؛ تۆڕێکی ئاڵۆز کە پلانی بۆ 18 هێرش لە ئەوروپا و دوو هێرش لە کەنەدا داڕشتووە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئێران.

ئەمە سەر دەکێشێت بۆ داوی “بریکاری نهێنی” لە نیویۆرک، کە تێیدا لەبەرانبەر 10 هەزار دۆلاردا، هەماهەنگی بۆ تەقاندنەوەی کەنیسەیەکی جوولەکەکان دەکرد.

سەبارەت بە قۆناغەکانی دەستگیرکردنەکەشی، بە شێوازێکی دراماتیکی بەڕێوەچوو؛ بە جۆرێک لە تورکیا و بە هەوڵەکانی باڵیۆزی ئەمریکی، تۆم باراک، دەستگیرکرا و خێرا ڕادەستی واشنتن کرا، بێ ئەوەی دەرفەتی تانەگرتنی یاسایی پێبدرێت. پارێزەرەکەی، ئەندرۆ دالاک، بە “دیلی جەنگ و دەستبەسەرکراوی سیاسی” وەسفی دەکات.

دەستگیرکردنی سەعدی ڕێک هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی عەلی فالح زەیدی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق. لێرەشەوە شیکردنەوە سیاسییەکان سەریانهەڵدا؛ بە جۆرێک چاودێران باسیان لەوە کرد سەعدی وەک “قوربانییەک” بووە و لەلایەن (دەوڵەتی قووڵ)ـەوە پێشکەش کراوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن.

تەنانەت هەندێک لە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، سەرۆکی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی، ئەو کەسە بووە کە زانیارییەکانی لەسەر سەعدی بەخشیوە بە ئەمریکا، ئەوەش وەک “دیارییەکی دۆستانە” بۆ ئیدارەی ترەمپ، تا ڕەزامەندی ئەمریکا مسۆگەر بکات و حکومەتە نوێیەکە بە بەشداریی عەسائیب پێکبهێندرێت، بەتایبەت دوای دزەکردنی زانیاری لەسەر “ڤیتۆ”یەکی توندی ئەمریکی کە عەسائیبی بێبەش کردبوو لە وەرگرتنی هەر وەزارەتێک لە کابینەکەی زەیدی.

لەلایەکی دیکەوە، چاودێران پێیان وایە کە دۆسیەی سەعدی یەکەم پولی دۆمینەیە و سەرەتای پرۆسەیەکی گەورەی پاکتاوکردنی نێودەوڵەتییە، کە سەرکردە و ئەندامانی گروپەکان دەگرێتەوە و باڵەکانیان لە ناوچەکەدا هەڵدەوەشێنێتەوە.

 

 

Back to top button