یەکگرتوو دوو پێشنیاز دەخاتە بەردەست پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکێتی گومانی لە پێشنیازەکان هەیە

 

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەستپێشخەرییەکی ئامادەکردووە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێشخەرییەکەی بینیوە و یەک بڕگەی پەسەند کردووە، ئەمڕۆش یەکگرتوو لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی دەستپێشخەرییەکەی دەکات.

سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتی تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، لەسەردانەکەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەکگرتوو بۆلای بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی باس لە دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو کراوە و بافڵ تاڵەبانی ڕاستەوخۆ خاڵی یەکەمی دەستپێشخەرییەکە کە راگرتنی هەموو جۆرە هەڵمەتێکی راگەیاندنە لەنێوان یەکێتی و پارتی لە هەموو ئاستەکاندا پەسەند کردووە.

وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی، بافڵ تاڵەبانی بە ئەمینداری یەکگرتووی گوتووە، لەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دا تاوتوێی دەستپێشخەرییەکە دەکەن و لەماوەی هەفتەیەکدا وەڵامی یەکگرتوو دەدەنەوە.

سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکە ئەو سەرچاوە باڵایەی یەکێتی گوتی: نەخشەڕێگەیەکە و کاتی تێدا دیاریکراوە، کە نابێت لە یەک مانگ تێپەڕێت و دەبێت لەم ماوە کورتەدا، هەم پەرلەمان پکبهێنرێت، هەم حکومەتی نوێ.

یەکگرتوو داوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەستپێکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە هاوبەشیی هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداربن.

هاوکات یەکگرتوو لە دەستپێشخەرییەکەیدا باسی لە داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش کردووە، کە تێیدا خزمەتی هاووڵاتیان لە پێشینەی بەرنامەی کارەکانی حکومەت بێت. ئەم خاڵە جەخت لەسەر چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی مووچە و دیاریکردنی سیاسەتێکی یەکگرتوو بەرامبەر بەغدا دەکاتەوە تاوەکو هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلا بکرێنەوە.

سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر نەیشاردەوە گومانیان هەیە لەوەی ئەو دەستپێشخەرییە ببێتە هۆی شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی و یاسایی لەهەرێم، چونکە وەک ئەو دەڵێت: یەکگرتوو داوا دەکات پەرلەمان کارا بکرێتەوە دواتر باسی پێکهێنانی حکومەت بکرێت، یەکێتیش نایەوێ بەبێ دیدگایەکی ڕوون لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و پشکی یەکێتی، پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

Back to top button