ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەو هەڵبژاردنەی داهێنەری پەنجا بە پەنجا بوو

 

ڕۆژی 19ی ئایاری 1992 خەڵکی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد، هەڵبژاردنێک کە دوای ڕاپەڕین و ئازادبووونی باشووری کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام خەڵک ئەوکاتە نەیاندەزانی سەردەمێک دێتە پێشەوە، خۆیان پەشیمان دەبنەوە لەوەی دەنگیان بەو پەرلەمانە داوە، سەردەمێک دروست دەبێت دەنگی خەڵک بەهای نامێنێت و حزبەکان ئامادەن لەبەر ململانێکانی خۆیان ساڵانێکی زۆر پەرلەمان پەک بخەن.

هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان بە شێوازی یەک بازنەیی و نوێنەرایەتی ڕێژەیی بوو، لەگەڵ بەربەستی 7%ی کۆتا بۆ سەرکەوتنی لیستەکان.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی نزیکی ئەنجامەکانەوە سیستمی “پەنجا بە پەنجا” بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و پەرلەمان پەیڕەو کرا. تەمەنی ئەم خولە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بۆ چەندین ساڵ درێژکرایەوە.

لەو هەڵبژاردنەدا 967 هەزار و 229 کەس بەشدارییان کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان 437 هەزار و 889 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە ڕێژەی 45%، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 423 هەزار و 883 دەنگ کە دەکاتە ڕێژەی 43.61%. جەوھەر نامیق سالم لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردرا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم و کۆتا جاربوو کە تێیدا حکومەت بە زووی پێکهێنرا، خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (46) ڕۆژ و لە 4/7/1992 کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (462) ڕۆژو لە 7/5/2006 کابینەی پێنجەم _یەکگرتنەوە_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

خولی سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 29/7/2009 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (95) ڕۆژو لە 28/10/2009 کابینەی شەشەم و دوای دوو ساڵ کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (270) ڕۆژو لە 18/6/2014 کابینەی هەشتەمی _بنکە فراوان_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، پاش تێپەڕبوونی (282) ڕۆژو لە 10/7/2019 کابینەی نۆیەمی _سێ قۆڵی_ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنرا.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە (20/10/2024) لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تا ئێستا کە 19-5-2026ە (569) ڕۆژە هەڵبژاردن کراوە و حکومەت پێکنەهێنراوە.

Back to top button