
- وەزارەتێکی نوێ بەناوی وەزارەتی ئاسایش دروست دەکرێت
- پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەخرێنە نێو ئەو وەزارەتەوە
بە ماوەیەک بەر لە دەستبەرکاربوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە تاوتوێی پرسی یەکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبیان کردووە، ئەوەش لەپێناو دورخستنەوەی سەرنجی ئەمریکا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە بەغدا کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد، بڕیارە وەزارەتێک بەناوی”وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵ” دروست بکرێت، کە ئامانج لێی تێکەڵکردن و یەکخستنی پێکهاتە جیاوازە سەربازی و ئەمنییەکانە، لەوانەش دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری یەک وەزارەتدا، کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی: لەهەنگاوی یەکەمدا و بۆ ئاسانکاریی لە دروستکردنی ئەو وەزارەتە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵدەوەشێتەوە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی ئەڵقە ئیدارییە ئاڵۆزەکان.
دەیڤید پترایۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە دوا سەردانیدا بۆ بەغدا تێڕوانینێکی پێبووە سەبارەت بە ڕێکخستنەوە هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی پێکهێنانی وەزارەتێکی ئەمنی نوێ کە پێکهاتە ئەمنییە جیاوازەکان لەخۆبگرێت، لەوانە پۆلیسی فیدراڵی، دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، پێشبینی دەکرێت هێزەکانی پێشمەرگەش بگرێتەوە”.
سەرچاوە ئاگادارەکەی کورد مۆنیتەر ئەوەشی گوت: چاوەڕێدەکرێت پترایۆس سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و دیدگای یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لەنێو وەزارەتی ئاسایش، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باس بکات.
بەپێی پلانەکەی پترایۆس، دەسەڵاتی ئەو هێزانە لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان یان نووسینگەی فەرماندەی گشتییدا کۆدەکرێتەوە، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەڵقە کارگێڕییەکان و خێراکردنی بڕیاردان، بەتایبەت لە دۆسیە سەربازی و ئەمنییە هەستیارەکاندا.





