بازاڕێکی بێ کۆنترۆڵ.. لە تەماتەوە تا ئۆتۆمبێل هەموو شتێک لەهەرێمی کوردستان گران بووە

  • ڕسوماتی میوە لە 1000 دۆلارەوە بۆ 10 هەزار دۆلار گران بووە
  • ئۆتۆمبێل 1000 بۆ 2000 دۆلار گران بووە

وەزارەتی کشتوکاڵ باج و ڕسووماتی سەر هاوردەکردنی چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە تورکیاوە بە ڕێژەی 10 هێندە زیاد کرد، ئەمەش ناڕەزایەتی بازرگانانی لێکەوتووەتەوە و هۆشداری لە گرانبوونی نرخەکان دەدەن.

ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 5,000 تەن میوە و سەوزەی تورکی لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوردە دەکرێت. بەگوێرەی بڕیارێکی نوێ، ڕسووماتی بارهەڵگرێکی 25 تۆنی میوە کە پێشتر تەنها 1,000 دۆلار بووە، بۆ زیاتر لە 10,000 دۆلار بەرزکراوەتەوە.

لەوەتەی 15ی ئەم مانگەوە، هاوردەکردنی چەند بەرهەمێک بەهۆی بەرزکردنەوەی باج و ڕسووماتەوە سنووردار کراوە. فوئاد شێخ جەبری، نوێنەری بازرگانانی زاخۆ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بڕیارە بەرهەمەکانی وەک قەیسی ، گێلاس و پەتاتە دەگرێتەوە، کە باجێکی زۆریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە تێپەڕ بن.

ئەم گۆڕانکارییانە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر پرۆسەی کڕین و فرۆشتن. لەکاتێکدا قەبارەی هاوردەی ڕۆژانە لە تورکیاوە دەگاتە 5,000 تۆن، بازرگانان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامیی ئەم ڕسووماتە زۆرە، بژێوی کڕیار و کاروانی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان تووشی ئاستەنگ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، بازاڕی ئۆتۆمبێلی لە هەرێمی کوردستان تووشی سستی کردووە و نرخی هەر ئۆتۆمبێلێک بە بڕی 1,000 بۆ 2,000 دۆلار زیادی کردووە.

دوای گۆڕانی ڕێڕەوی هاوردەکردن لە گەرووی هورمزەوە بۆ ڕێگەی تێپەڕین لە دوبەی بۆ تورکیا، تێچووی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. کرێی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلە چینییەکان لە 500 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 2,000 دۆلار زیادی کردووە، هەروەها تێچووی هێنانی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتووی ئەمریکی لە 2,500 دۆلارەوە گەیشتووەتە 4,000 دۆلار.

بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە ڕاستەوخۆ کارکردنی کردووەتە سەر نرخی کۆتایی ئۆتۆمبێلەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. محەممەد ئەحمەد، بازرگانی ئۆتۆمبێل ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم گۆڕانکارییە داراییە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی هەر ئۆتۆمبێلێک لە نێوان 1,000 بۆ 2,000 دۆلار گرانتر بێت، ئەمەش سستییەکی تەواوی لە پرۆسەی کڕین و فرۆشتندا دروستکردووە.

Back to top button