ئەو بۆریەی عێراق ویستی بیکاتە جێگرەوە بۆری نەوتی کوردستان هەر لەڕێگەوە پارەکەی دیار نەما

 

ئەحمەد ساعدی، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیکمە دەڵێت، گرتنەدەستی وەزارەتی دارایی لەلایەن سەرکردایەتی ڕەوتەکەیەوە لە سایەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتدا –کە 94٪ی بودجە دابین دەکات– نیشانەی ئازایەتی و بەرپرسیارێتیە، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین لایەنی سیاسی ڕەتیان کردەوە ئەو پۆستە وەربگرن. ساعدی ئاشکرای کرد کە عێراق بڕی 500 ملیۆن دۆلاری لە چین وەرگرتووە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بۆ ڕاکێشانی بۆری (بەسرە – حەدیسە – شەرگات – خابوور – جەیهانی تورکی) وەک جێگرەوەیەک بۆ گەرووی هورمز بە توانای 4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام تەنانەت یەک مەتریشی لێ جێبەجێ نەکراوە.

ئەو پەرلەمانتارە زانیارییەکی نوێی لەوبارەیەوە ئاشکراکرد و گوتی، بۆری فیدراڵیی (شەرگات – کەرکووک – جەیهان) بەهۆی پشتگوێخستنی بەئەنقەست لە سەردەمی داعشەوە پەکیکەوتووە، ئەمەش وڵاتی بێبەش کردووە لە هەناردەکردن دەستبەجێی نەوت دوای داخستنی هورمز، ئێستا وڵات لەدۆخی قەرزدا دەژی.

لەبارەی وردەکاریی دۆسیەکەوە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، چین لە دەستپێشخەرییەکدا 500 ملیۆن دۆلاری داوە بە عێراق، ئەم کارەساتەش بۆ یەکەمجارە لە تەلەفزیۆندا باس دەکرێت، کە ئێمە ئەم پارەیامان بەپێی ڕێککەوتنی هەردوولا بە مەبەستی ڕاکێشانی بۆری (بەسرە – حەدیسە – شەرگات – خابوور – جیهانی تورکی) وەرگرتووە.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە ئامانجەکە هەناردەکردن بووە لە ڕێگەی ئەم بۆرییەوە بە توانای 4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ ئەوەی وەک دەروازەی دووەم قەرەبووی گەرووی هورمزمان بۆ بکاتەوە، بەڵام ئێمە تا ئێستا تەنانەت دوو مەتریشمان لێ جێبەجێ نەکردووە، کاتێکیش پرسیارەم لە وەزیری پێشوو حەیان عەبدولغەنی کرد، بیانووی بە هێنانی کەرەستە و بەڵێندەران هێنایەوە، دەرئەنجامەکەش سفر دەستکەوت بوو لەسەر ئەرزی واقیع.

ساعدی ئاماژەی بەوەش کرد کە “کارەساتە گەورەکە لە بۆری (شەرگات کەرکووک جەیهان) دایە کە پەیوەستە بە حکومەتی فیدراڵییەوە نەک بۆریی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، کە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن داعشەوە تووشی تێکدان ببوو، کە وا بڕیار بوو لە یەکەم ڕۆژی داخستنی گەرووی هورمزەوە نەوتی پێدا هەناردە بکرێت، بەڵام تووشی سەرسوڕمان بووین بە بوونی کێشە تێیدا کە ڕێگری لە هەناردەکردن کرد، بەرپرسانیش بەم کەمکوڕییە شۆک نەبوون بەڵکو ئاگاداری کێشەکان بوون و بەئەنقەست بۆرییەکەیان پشتگوێ خستبوو”، ڕوونیشیکردەوە “ئێستا کۆمپانیای نەوتی باکوور بە جۆرێک قسە دەکات و کۆمپانیای هێڵەکان و بۆرییەکان بە جۆرێکی تر قسە دەکات، و نازانین ئایا دوای هەفتەیەک شیاوی کارکردن دەبێت یاخود نا، عێراقیش ئەمڕۆ بە قەرز دەژی”.

 

Back to top button