ئێران چۆن زێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاڵان دەکات؟

 

مالپەڕێکی عیبری ڕایگەیاند کە یەکشەممەی ڕابردوو، هێرشێکی تەمومژاوی کراوەتە سەر کانی زێڕی “مێرگا نەقشینە” لە پارێزگای “سەقز”ی زۆرینە کوردنشین لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران؛ ئەمەش پەردەی لەسەر ئاستی هەژموونی سوپای پاسداران بەسەر ئەم کانزا زەردەدا لادا و ئەو گرژی و توڕەییەشی دەرخست کە کورد دژی ڕژێمەکە هەیانە بەهۆی بێبەشکردنیان لە سامانی سروشتیی ناوچەکەیان.

ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئێرانەوە گواستوویەتییەوە کە پێنج کەسی نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمەڵگەی (کانی زێڕ) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرشیان کردووەتە سەر دوو لە پاسەوانانی ئەمنیی شوێنەکە، کە لە ئەنجامدا بە سەختی بریندار بوون، پاشان ئاگریان لە ئامێرە قورسەکان و سیستمە میکانیکییەکان و چەندین ئامێری دیکەی ناوچەکە بەرداوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و زیانی ئابووریی قورس.

ماڵپەڕی “نێتسیف” ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕووداوە بووەتە هۆی سەرلەنوێ کردنەوەی یەکێک لە هەستیارترین دۆسیە سیاسی و ئابوورییەکان لە ئێران بە گشتی و لە پارێزگای سەقز بە تایبەتی.

هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە دەسەڵاتدارانی فەرمی لە ئێران، بەپەلە هەوڵی شاردنەوە و سانسۆرکردنی وردەکارییەکانی ڕووداوەکەیان داوە، و ئەگەری ئەوەیان بەدوور زانیوە کە “کردەوەیەکی تیرۆریستی” بێت لەلایەن ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەکدارەوە.

ماڵپەڕەکە پێیوایە کە ڕژێمی تاران بەمە ویستوویەتی “بایەخی ئاگرکەوتنەوەکە کەم بکاتەوە و وەک بەشێک لە ناسەقامگیریی گشتیی ئەمنیی وڵاتەکە نیشانی نەدات”.

درووستیی ئەم هەڵسەنگاندنانە کاتێک زیاتر پشتڕاستکرایەوە کە ناسنامەی بەرپرسی ئەمنیی کۆمپانیای گەشەپێدانی کانی زێڕی کوردستان دیاریکرا، کە دەرکەوت ئەندامی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانە. “نێتسیف” پشتی بە سەرچاوە میدیاییەکان بەستووە کە جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی “هێرشکردنە سەر کانی زێڕەکە کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆیە دژی ئەو دەزگا سەربازی-ئابوورییەی کە سەرپەرشتیی دامەزراوەکە دەکات”.

کوردانی سەقز هەست دەکەن کە تاران سەرچاوە سروشتییەکانیان تاڵان دەکات بێ ئەوەی هیچ داهاتێکیان بداتێ. ماڵپەڕەکە ڕایگەیاندووە کە میدیاکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵات و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوانەش: هەنگاو و هانا، بوونی پەیوەندییان لە نێوان ئەم ڕووداوە و مێژووی خوێناویی ناوچەکەدا پشتڕاستکردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ئەیلوولی 2025دا تەقەیان لە چالاکوانانی ژینگەپارێز و دانیشتووانی ناوچەکە کردووە کە ناڕەزایەتییان دژی پرۆسەکانی دەرهێنانی زێڕ لە گوندی پیرعومەرانی هاوسێ دەربڕیوە، کە بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی ناوچەکە بە ناوی محەمەد ئەمین ڕەشیدی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زێڕی زیاد کردووە؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پشتبەستن بە یەدەگی زێڕ وەک هێڵی ڕزگاری لە بەردەم سزا نێودەوڵەتییە خنکێنەرەکان .

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ماڵپەڕە عیبرییەکە، حکومەتی تاران پێیوایە کە “هەر زیانێک بەم کانانە بگات، بە لێدانێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئابووریی ئێران دادەنرێت”.

شاری “سەقز” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زێدی چالاکوانی ئێرانی مەهسا (ژینا) ئەمینییە، کە شەهیدکردنی بووە هۆی هەڵگیرسانی پریشکی خۆپیشاندانەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”.

بەپێی لێکدانەوەی “نێتسیف”، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەر ڕووداوێک لەم ناوچەیەدا ڕووبدات، وەک بەردەوامییەکی ڕاستەوخۆی توڕەیی گەل دژی دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکان لێکدەدرێتەوە.

Back to top button