
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا وردەکاریی دواخستنی بڕیاری لێدان لە ئێران لە چەند ڕۆژی رابردوودا، ئاشکرادەکەن و دەڵێن: بە سەرۆکی ئەمریکا گوتراوە کە ئەگەر لە کاتی حەجی موسڵماناندا شەڕ دەستپێبکاتەوە، زیانێکی توند بە ناوبانگی وڵاتەکەی دەگات، ئەمە جگە لە دروستبوونی پەککەوتن لە گەشتە ئاسمانییە جیهانییەکاندا.
ماڵپەڕی “میدڵ ئیستی ئای” ئاشکرای دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی هێرشکردنە سەر ئێرانی لەم هەفتەیەدا دواخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانانی کەنداو و بەرپرسانی وڵاتەکەی خۆیەوە هۆشداریی پێدراوە لەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی فەریزەی حەجدا شەڕ دەستپێنەکاتەوە.
بەپێی گوتەی دوو بەرپرسی باڵای کەنداو، بە ترەمپ وتراوە کە هێرشکردنە سەر ئێران لە کاتی حەجدا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران لە ناو وڵاتانی کەنداو، چونکە دەبێتە هۆی گیرخواردنی سەدان هەزار حاجی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، بە ترەمپ وتراوە کە هێرشکردن لەم قۆناغە پیرۆزەدا، کە بەرەو جەژنی قوربان دەڕوات، زیانی زیاتر بە پێگەی واشنتۆن لە جیهانی ئیسلامیدا دەگەیەنێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا، کە ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانەیە لە ناو ئیدارەی ترەمپدا بەڕێوەدەچن، ڕاستیی ئەم گفتوگۆیانەی پشتڕاستکردەوە.
ئەو بەرپرسە گوتی، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەکەی خۆیەوە هۆشداریی پێدراوە کە دەستپێکردنەوەی شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل لە ئێستادا، دەبێتە هۆی “زیانێکی توند بە ناوبانگی” ترەمپ خۆی.
پێشتر ئەمریکا لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا هێرشی کردووەتە سەر ئێران، بەڵام ئەنجامدانی ئەم کارە لە کاتی حەجدا ئاڵنگارییەکی لۆجستی گەورە بۆ عەرەبستانی سعوودی دروست دەکات، کە ساڵانە میوانداریی نزیكەی ملیۆنێک حاجی بیانی دەکات.
ئەم ئاڵنگارییانە دەگەنە ناوەندەکانی گەشتی ئاسمانی لە کەنداو، وەک قەتەر و ئیمارات، و وڵاتانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کە زۆرێک لە حاجییان گەشتەکەیانی لێوە دەستپێدەکەن.
حەجی ئەمساڵ بڕیارە لە 24ی ئایارەوە دەستپێبکات و شەش ڕۆژ بخایەنێت. لە ئێستادا سەدان هەزار حاجی بۆ ئامادەکاری پێشوەختە لە عەرەبستانی سعوودین.
ململانێکان دەستپێدەکەنەوە
ئەو بەرپرسانەی “میدڵ ئیستی ئای” قسەی لەگەڵ کردوون، نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت چونکە دەسەڵاتی لێدوانیان نییە لەسەر پەیوەندییە ناوخۆییەکان.
هەر سێ سەرچاوەکە ڕایانگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکەن لە هەفتەکانی داهاتوودا، بە تێپەڕبوونی ماوەی حەج، شەڕەکە دەستپێبکاتەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە شەوی سێشەممە دوای دەستوەردانی سەرکردەکانی کەنداو، هێرشکردنە سەر ئێرانی ڕاگرتووە.
تاران بەڵێنی داوە کە هەر هێرشێکی دیکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی وزە و مەدەنییەکەی، دەبێتە هۆی هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو، و ململانێکان بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر دەکات.
حکومەتی ئیسرائیل، کە ئێران وەک گەورەترین ڕکابەری هەرێمیی خۆی دەبینێت، هەژموونی خۆی بەسەر ترەمپدا بەکارهێناوە بۆ بەردەوامبوون لە شەڕەکە، سەرەڕای ئەوەی هەڵسەنگاندنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەو مەترسییانە دەکەن کە ڕووبەڕووی هێزەکانی ئەمریکا و ئابووری جیهانی دەبنەوە.
بەپێی ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”، بەرپرسانی پنتاگۆن باسیان لە کەمیی تەقەمەنی و پەرەسەندنی تەکتیكەکانی بەرگری ئاسمانیی ئێران کردووە، وەک هۆکارگەلێک کە ڕەنگە ڕێگری بکەن لە پێشڕەویی هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا دژی ئێران، ئەگەر دەستپێبکاتەوە.





