
دادگایەکی تێهەڵچوونەوەی تورکیا، بڕیاریدا بە لادانی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پۆستەکەی، بە تۆمەتی ساختەکاری لەو هەڵبژاردنە ناوخۆییانەی کە بوونە هۆی سەرکەوتنی بۆ سەرۆکایەتی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیادا.
ئەم بڕیارە کە وەک بوومەلەرزەیەکی سیاسی وەسفکرا، بووە هۆی دروستبوونی زنجیرەیەک کاردانەوە لە ناو پارتی گەلی کۆماریدا؛ بەجۆرێک هێزەکانی پۆلیس دەستیان کردووە بە دانانی بەربەست لە دەوروبەری بارەگای سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی سەرکردە و لایەنگرانی پارتەکە لە بارەگاکەدا، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بانگەوازەکەی پارتەکە و سەرۆکە لادراوەکەی، ئۆزێل.
لای خۆیەوە، ئۆزەل لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “ئێکس”ەوە لە پەیامێکدا بۆ لایەنگرانی پارتەکە ڕایگەیاند کە ئەو خۆی بەدەستەوە نادات و وتی: «بەڵێنتان پێدەدەم بە شەرەف، کەرامەت، ئازایەتی و خەباتەوە».
بەپێی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل و دەستەی بەڕێوەبردنی حیزبەکە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و ئەنجوومەنی دیسپلین بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە و بڕیاردراوە کەمال کلچدارئۆغڵو سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو ئەرکەکانیان وەربگرنەوە.
وردەکاریی بڕیارەکەی دادگا
دادگای هەرێمی لە ئەنقەرە، بڕیاری پێشووتری دادگای 42ی بنەڕەتیی یاسای شارستانیی ئەنقەرەی هەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاریداوە بە:
1. پووچەڵکردنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە کە لە رۆژانی 4-5ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو.
2. هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو کۆنگرە ئاسایی و نائاساییانەی دوای ئەو بەروارە ئەنجامدراون و هەموو بڕیارەکانی ناویان.
3. گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش کۆنگرە، واتە گەڕانەوەی کەمال کلچدارئۆغڵو وەک سەرۆک و بەردەوامبوونی ئۆرگانەکانی پێشووی حیزبەکە لە ئەرکەکانیاندا.
4. پووچەڵکردنەوەی کۆنگرەی لقی ئیستەنبوڵی جەهەپە کە لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو.
لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، “ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دیسیپلین بە شێوەیەکی کاتی لەکار دوورخراونەتەوە. هەروەها تاوەکو یەکلابوونەوەی کۆتایی بڕیارەکە، کەمال کلچدارئۆغڵو و ئەندامانی پێشووی ئەو ئەنجوومەنانە دەگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.”
بڕیارەکە بە کۆی دەنگ دەرچووە و لایەنەکان دەتوانن لە ماوەی دوو هەفتەدا لە دادگای باڵای تورکیا تانەی لێبدەن.
“بارەگای گشتیی چۆڵ ناکەین”
دوای دەرچوونی بڕیارەکە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا. تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. لە سۆشیاڵ میدیادا بەرپرسانی حیزبەکە رایانگەیاندووە، “بارەگای گشتی چۆڵ ناکەین.”
دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە، بۆرسەی ئیستەنبوڵ دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پێنوێنی BIST 100 زیاتر لە 6% دابەزی، ئەمەش بووە هۆی راگرتنی کاتیی مامەڵەکان.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە یەکەم لێدوانیدا بۆ کەناڵێکی نزیک لە حکومەت گوتی، “بڕیاری پووچەڵکردنەوەی رەها بۆ تورکیا و جەهەپە ببێتە مایەی خێر.”
گردبوونەوەی ملیۆنی رێکبخەن
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئێستای جەهەپە کە بە بڕیاری دادگا لەکارەکانیان دوورخرانەوە، لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە داوایان لە ئەندامان و لایەنگران و هەوادارانی پارتەکەیان کرد، گردبوونەوەی ملیۆنی بکەن لەبەردەم بارەگای گشتیی جەهەپە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی بڕیارەکەی دادگە. هاوکات پاسی تایبەت کە بە مێزگردی گوتارەکان دەناسرێت، هێنرایە بەردەم بارەگای گشتیی جەهەپە بۆ ئەوەی ئۆزگور ئۆزەل و بەرپرسانی پارتەکە گوتار بدەن.
هەڵوێستی ئیی پارتی
دوای بڕیارەکەی دادگا، لەسەر داوای سەرۆک، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئیی پارتی کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە بەپەلە بانگهێشتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەدواداچوونی پێشهاتەکان کرد.
دوای راگەیاندنی بڕیاری پووچەڵکردنەوە، ئاکن گورلەک وەزیری دادی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیارەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە دەرکراوە.
دوای 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە لە 4-5ی تشرینی دووەمی 2023، داواکاریی گشتیی ئەنقەرە لەسەر سکاڵای ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتیی جەهەپە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لەسەر سکاڵای بوونی “بێسەروبەری و کاری نایاسایی و پێدانی بەرتیل” لە کۆنگرەکەدا. هەندێک لە ئەندامانی حیزبەکە داوایان کردبوو کۆنگرەکە بە پووچەڵ دابنرێت و کڵچدارئۆغڵو بگەڕێتەوە سەرۆکایەتیی حیزب.
سەرەتا لەلایەن لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هاتای و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی جەهەپەوە سکاڵاکە تۆمار کرا، لە ئیفادەکانیاندا بانگەشەی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدانی سەرۆک بڵاوکردەوە. رایانگەیاند بەڵگەیان هەیە بەشێک لە ئەندامان بە بەرتیل و بەشێکی دیکەشیان بە هەڕەشە و بەشی سێیەمیان بە بەڵێنی پێدانی پلە و پۆست لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتەکەدا کراوە.
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا. پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.





