وەزارەتی دارایی عێراق بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی پلانی فریاگوزاریی ڕادەگەیەنێت

 

ڕاوێژکارێکی دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایدەکات، پێنج بژاردەی بۆ چارەسەرکردنی کەمیی داهاتی دارایی و دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئابووریی لە ئارادایە، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ئاڵنگارییانەی کە بەهۆی دابەزینی هەناردەی نەوت و داخستنی گەرووی هورمزەوە هاتونەتە ئاراوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند “بەهۆی دابەزینی هەناردەی نەوتەوە، عێراق ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی دارایی دەبێتەوە کە مانگانە بە نزیکەی 9.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “وەزارەتی دارایی بەرەو ئامادەکردنی پلانێکی فریاگوزاریی دەڕوات کە قەرزکردنی ناوخۆیی و دەرەکی دەگرێتەوە، جگە لە گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان لە ڕێگەی باج و چاکسازییە داراییەکانەوە”.

ڕوونیشیکردەوە کە “قەرزی ناوخۆیی چارەسەرێکی خێرایە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە کارگێڕییەکان، بەڵام ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاکێشانی نەختینە لە بانکەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی دارایی ناوخۆیی و لاوازکردنی دابینکردنی دارایی بۆ کەرتی تایبەت، لەکاتێکدا قەرزی دەرەکی نەختینەی دۆلار دابین دەکات و تا ڕادەیەک سەقامگیریی نەختی دەپارێزێت، بەڵام بە مەرجەکانی چاکسازی و زیادبوونی بارگرانیی خزمەتگوزاریی قەرزەکانەوە بەستراوەتەوە”.

سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانیش وتی “زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان ستراتیژترین بژاردەیە بۆ ماوەی ناوەند و درێژخایەن، ئەویش لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و گومرگ، بەدیجیتاڵکردنی سیستمی باج، کەمکردنەوەی ئابووریی نەوتیی و باشترکردنی کۆکردنەوەی داهاتەکان بەبێ زیانگەیاندن بە چالاکیی ئابووری”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “جێبەجێکردنی سیستمی بەڕێوەبردنی دارایی حکومی بەشدارە لە بەهێزکردنی چاودێریی دارایی، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و گەندەڵی، و بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکان”.

ساڵح جەختیشی کردەوە کە “چاکسازی لە کەرتی بانکیدا، بەتایبەتی لە هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید، پێویستییەکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی دارایی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵی و کرێدیتییەکان، جیا لە گرنگیی چاکسازیکردن لە بانکە تایبەتەکاندا بۆ بەدیهێنانی گشتگیریی دارایی و پشتگیریکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان”.

ئەوەشی خستەڕوو کە “کاراکردنی یاسای شەراکەتی نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەت، دەبێتە هۆی سووککردنی فشار لەسەر بودجەی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری نوێ، بەو مەرجەی ژینگەیەکی یاسایی سەقامگیر، گەرەنتی وەبەرهێنان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێڕی دابین بکرێت”، جەختیشی کردەوە “کە هیچ پلانێکی فریاگوزاری سەرکەوتوو نابێت بەبێ چاکسازییەکی دارایی ڕاستەقینە کە کۆنترۆڵکردنی خەرجییە کارگێڕییەکان، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان لە گرێبەستە حکومییەکاندا، و گرتنەبەری ئەولەویاتی ئەو خەرجییانەی کە بەستراونەتەوە بە بەرهەمهێنان و گەشەپێدانەوە بگرێتەوە”.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەی ڕوونکردەوە کە “قەیرانی ئێستا تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ پێکهاتەی ئابووریی عێراق کە پشت بە نەوت دەبەستێت”، جەختیشی کردەوە کە “خێراکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان و هەمەجۆرکردنی ئابووری، توانای دەوڵەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکان بەهێزتر دەکات”.

 

Back to top button