
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و بەشێکی زۆر لە سەرکردە عێراقیەکان کۆدەبێتەوە، کورد مۆنیتەر بۆ یەکەمجار جیاواز لە پرسی مووچە و کێشەکانی هەولێر و بەغدا، وردەکاریی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا ئاشکرادەکات.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی باڵای نێو پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەردانەکەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی دا ئامادەکاریی بۆ سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی بۆ بەغدا دەکرێت، وەك ئەو سەرچاوەیە گوتی: مەسعود بارزانی دوای تەواوبوونی پێکهێنانی کابینەکەی زەیدی و متمانەبەخشین بەو وەزیرانەی ماون، سەردانەکەی بۆ بەغدا ئەنجامدەدات.
کورد مۆنیتەر لە بەدواداچوونەکانیدا زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، جیاواز لە پرسی مووچە و کارەبا وەك ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لە حکومەت و حزبەکان، پێشنیازی تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ حەشدی شەعبی لەنێو وەزارەتی ئاسایش، کە هێشتا بیرۆکەیە و شیعەکان دەیانەوێت وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فشارەکانی ئەمریکا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
هێشتا بە فەرمی ئەو پێشنیازە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەرکردە عێراقییەکان نییە، بەڵام کورد مۆنیتەر زانیویەتی، هەم ئەمریکییەکان و هەم عێراقیش لەگەڵ پێشنیازەکەدان، ئەو وەزارەتەش فەرمان لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەردەگرێت و حەشدی شەعبی، پێشمەرگە و سەرجەم هێزە سەربازییەکانی دیکەی هەرێم بەشێک دەبن لە پێکهاتەی وەزارەتەکە.





