
دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تۆپی پێی عێراق، لەکۆتاییدا یونس مەحمود، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی کۆنگرەکە وەک سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەڵبژێردرا، عەدنان درجالیش ڕکابەرییەکەی دۆڕاند و پۆستی سەرۆکایەتی لەدەستدا.
هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی یەکێتی تۆپی پێی عێراق نێوماڵی سوننەکانی دابەش کردبوو، دەرجال لەلایەن شیعەکان و حکومەتەوە پشتیوانیی لێدەکرا، یونس مەحمودیش لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوومەوە پشتیوانیی لێدەکرا، بەڵام کورد بوو بە بەشێک لە ململانێکە، پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانیی لە عەدنان دەرجال دەکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە یونس مەحمود.
لوتکەی پشتیوانیی پارتی و یەکێتی لە کاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتیەکە دەرکەوت، پارتی لەڕێگەی یانەکانی: هەولێر، زاخۆ و دهۆک دەنگی بە عەدنان دەرجال دا، یەکێتی بە یانەکانی: پێشمەرگە و سلێمانی دەنگی بە یونس مەحمود دا.
پۆستی جێگری سەرۆکی فیدراسیۆن یان خودی سەرۆکی فیدراسیۆن پێشتر بەر پارتی و یەکێتی دەکەوت، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی دوێنێدا هیچ کام لە جێگرەکانی یونس مەحمود بەر پارتی و یەکێتی نەکەوت، بەڵکو یەکی یەک ئەندامیان لە ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەیە.
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمە دووەم وێستگەیە کە تێیدا پارتی و یەکێتی ناکۆک دەردەکەون و دەبنە بەشێک لە کێشەی نێو ماڵی سوننەکان، تەنانەت تا ساتی ئامادەکردنی ئەم بابەتە هیچ بەرپرسێکی پارتی پیرۆزبایی لە یونس مەحمود نەکردووە، بەڵام هەر زوو قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی یونس مەحمود کرد و گوتی: پیرۆزباییەکی گەرم لە یونس مەحموود، سەرۆکی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و هەر دوو جێگرەکەی و هەموو ئەندامانی نوێی یەکێتییەکە دەکەم، بە گەشیبینییەوە دەڕوانینە ئەم تیمە نوێیە و چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکەین لە ماوەی ئەرکەکەیاندا بتوانن ژێرخانێکی بەهێز بۆ تۆپی پێی عێراق دروست بکەن و هەنگاوی گەورە بنێن بە ئاراستە زیاتر بە پیشەیی کردنی تۆپی پێ. هیواداریشین تۆپی پێی عێراق لە سەردەمی ئەواندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا زیاتر بدرەوشێتەوە”.





