هەرێمی کوردستان؛ یەک ئیدارە لە خەوندا و دوان لە وقیعدا

 

کاتێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، جگە لە بەرپرسانی دیوانی سەرۆکایەتیەکەی، هیچ کام لە جێگرەکانی یان ئەو ڕاوێژکار و بەرپرسانەی لەگەڵدا نیە، کە لەپشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یان بزوتنەوەی گۆڕان لە پۆستەکانیاندان، کاتێکیش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا، هیچ بەرپرس و وەزیرێکی پارتی لەگەڵدا نیە.

جیاواز لەوان، مەسرور بارزانی لەسەردانەکانی ئەم ساڵانەی دوایدا بۆ بەغدا، هیچ کام لە وەزیرەکانی یەکێتی یان گۆڕانی لەگەڵدا نەبووە، دوای حەوت ساڵ لە کابینەی نۆ، هێشتا یەکێتی ناڕازییە و پێیوایە پارتی هاوبەشیی لە دەسەڵاتدا پێناکات، بەڵام بە کردار حەوت ساڵە پارێزەری کابینەی نۆیە.

زۆرجار بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، لەسەر ئاستی هەرە باڵا تا ئاستی ئاسایی کە باس لە دوو ئیدارەیی دەکرێت، بیرۆکەکە ڕەتدەکەنەوە، بەشێک لە نوسەرانیش، بەتایبەت ئەوانەی سەربەخۆن، دژی هەر جۆرە گەڕانەوەیەکی دوو ئیدارەیین بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا هەیە دوو ئیدارەییەکی ڕانەگەیەنراوە.

لە تەمووزی 2019 کە کابینەی نۆیەم دەستبەکاربوو تاوەکو ئێستا لە ساڵی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەش جار بە سەردانی فەرمی و ڕاگەیەندراو چووەتە بەغدا. لەو ژمارە سەردانەش تەنها دوو سەردان قوباد تاڵەبانی لەگەڵدا بووە.

لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی نۆ جار وەک جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەت سەردانی بەغدای کردووە، لەبەشێکی زۆر لە سەردانەکاندا وەزیرەکانی پارتی و بەدیاریکراوی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لەگەڵدا بووە.

ئەم دوو ئیدارەییە بە زەقی لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەدیار دەکەوێت، کاتێک نێچیرڤان بارزانی دەچێتە ئیمارات، تورکیا و تەنانەت بۆ بینینی پاپای ڤاتیکانیش، کوڕەکەی لەگەڵ خۆی دەبات، لەکاتێکدا هیچ سیفەتێکی فەرمی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نیە، لەبەرامبەریشدا مەسرور بارزانی کوڕەکەی لەگەڵ خۆیدا دەبات، بەڵام جموجوڵە نێودەوڵەتیەکانی یەکێتی بەراورد بە پارتی کەمترە، بەڵام ئەمجارە لەسەر ئاستی حکومەت نا، بەڵکو لەسەر ئاستی حزب سلێمانی لەگەڵ سەرکردە عێراقیەکان کۆدەبێتەوە.

عێراقی دوای 2003

دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر ڕازی بوو بە ڕۆڵی پلە دوو بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان، چ لە پەرلەمانی عێراق و چ لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. ئەمەش پشکی کەمتری وەزارەت و پۆستەکان، و فەرماندەییکردنی ژمارەیەکی کەمتر لە لیواکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی پێبەخشی، لەگەڵ دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ بەوەی کە هەولێر نوێنەرایەتی هەرێمی نیمچە سەربەخۆ دەکات لە بەغدا و لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش.

وەک بەشێک لەم ڕێککەوتنە، لە ساڵی 2005ەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی وەرگرتووە، لە کاتێکدا هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە هەرێمی کوردستان لەژێر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندا مانەوە. دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان (کە لە 100 کورسی پێکدێت) بەدەستهێنا.

لە ساڵی 2024ەوە، گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە نێوان هەردوو حزبەکەدا چەندین جار پەکیاکەوتووە، ئەوەش بەهۆی داواکارییە دژ بەیەکەکانیان لەسەر پۆستە باڵاکان، لە سەرووشیانەوە وەزارەتی ناوخۆ، کە داواکارییەکی بنەڕەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان —بەپێی ڕاپۆرتەکان— دەستبەرداربوون لەو پۆستە لەسودی یەکێتی ڕەت دەکاتەوە. ململانێکە ڕەهەندێکی فیدراڵیشی بەخۆیەوە بینی کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسعود بارزانی، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی دووەمی 2025 ، دەستی کرد بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێگە جەماوەرییەکەی لە سلێمانییە، لە مانگی شوباتدا هاوپەیمانێتییەکی فەرمیی پەرلەمانیی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێی ئۆپۆزسیۆن دروستکرد، ئەمەش ژمارەی کورسییەکانی ئەم هێزەی بۆ 38 کورسی بەرزکردەوە. ئەگەرچی جیاوازییەکە تەنها بووە یەک کورسی لە چاو 39 کورسییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ئەم هەنگاوە تا ئێستا بەس نەبووە بۆ شکاندنی بنبەستەکە یان پێکهێنانی حکومەت بە تاکلایەنە.

بەوەش هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە دابەشی دوو بلۆک بووە، یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ لە سلێمانی، پارتی و کۆتاکان لە هەولێر و دهۆک.

لە ڕووی ئیدارییەوە لە هیچ فەرمانگەیەکی سنوری یەکێتی گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیدارەییەکان لەدەرەوەی بڕیاری سلێمانی جێبەجێ نابێت، دۆخەکە لە هەولێر و دهۆکیش بەوشێوەیەیە.

لەڕووی ئابوورییەوە هیچ دەروازەیەکی سنوریی لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕێگە بە دەسەڵاتی پارتی نادات، لە هەولێر و دهۆکیش هیچ بەرپرسێکی یەکێتی ناتوانێت ڕۆژێک بچێتە نێو دەوازە سنورییەکانەوە و پرسیار لە کاروبارەکانیان بکات.

هەرچەندە لە رووکەشدا هەرێمی کوردستان یەک پەرلەمان و یەک حکومەت هەیە، بەڵام لەسەر ئاستی کرداریی و جێبەجێکردن، بڕیاری کۆتایی لەبارەی پارە، چەک و سیاسەتەوە هێشتا لە مەکتەبی سیاسیی حزبدایە نەک ئەنجومەنی وەزیران، هێشتاش دوو شێواز لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەیە، نەک یەک حکومەتی سەرتاسەریی یەکگرتوو.

Back to top button