
دوای کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری، لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: سوربووین بووین لەسەر لێکنزیکبوونەوەی زیاتری لایەنە سیاسییەکان و یەکڕیزیی نیشتمانیی، بەڵام ئایا جوڵە نوێیەکەی یەکێتی و کۆمەڵ بۆ بەهێزکردنی بەرەی یەکێتی و نەوەی نوێیە؟ یان دەستپێشخەرییەکە هاوشێوەی ئەوەی کۆمەڵی دادگەری.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەستپێشخەرییەکەوە لەگەڵ یەکێتی و دواتر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە، لەبەرامبەردا کۆمەڵی دادگەری کوردستان وەك دووەم هێزی ئیسلامیی لە کوردستان دەستی بە جموجوڵێک کردووە، بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی باڵای نێو کۆمەڵ کە لەبەر هەستیاریی دۆخەکە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە کورد مۆنیتەر-ی گوت: ئێمە ناچینە بەرەی یەکێتی یان پارتی، بەڵکو هەوڵی دروستکردنی بەرەی سێیەم دەدەین، ئەویش بەرەی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
وەک ئەو سەرچاوە باڵایەی کۆمەڵی دادگەری گوتی: ئێمە هیوامان بەوە نیە بە زوویی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، چونکە دەبێت لایەنێک لە یەکێتی و پارتی سازش بۆ یەک بکەن، کەسیان لەم دۆخەدا ئەوەندەی لێیان تێگەیشتووین ئامادەی ئەو سازشە نین، بۆیە دەمانەوێت دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان.
لەکۆبوونەوەی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەرپرسانی پارتی گوتویانە: ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارانمان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان هەیە، بەڵام نامانەوێت بەو کارە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین، لەبەرامبەریشدا یەکێتی ئامادەکاریی دەکات ئەگەربێتوو پارتی لەدەرەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ هەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان بدات، ئەوا لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر خولی شەشەمی پەرلەمان تۆمار بکات.
سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتی بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، لە دوای جەژنی قوربان مەکتەبی سیاسی حزبەکەی کۆدەبێتەوە و بڕیار لە دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی و دەرچوون لەم چەقبەستووییە سیاسییە دەدات.





