ئەنەکەسە لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژئاوای کوردستان پێش هەسەدە کەوت

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن لە چەند شارێکی ڕۆژئاوای کوردستان نیشانی دەدات ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) پێش ئەو کاندیدانە کەوتووە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پشتیوانیی دەکران.

هەڵبژاردنەکە دابەشی چەند بازنەیەک کرابوو، ئەنجامەکانیش بەمشێوەیە بوون:

1- بازنەی سەرێکانی (رەئسولعەین) – 1 کورسی:
د. عەبدوڵا عەبدوڵا (پێکهاتەی عەرەب / مەغموری)

2- بازنەی دێرک– 2 کورسی:
ئەحمەد موراد (پێکهاتەی کورد / سەر بە هەسەدە)
عەلوان عەلی (پێکهاتەی عەرەب / هۆزی زوبێدی)

3- بازنەی حەسەکە – 3 کورسی:
عومەر عیسا هایس (پێکهاتەی عەرەب / هۆزی جبوری)
ئیبراهیم حەبەش (پێکهاتەی عەرەب / هۆزی بەجاری)
فەسلە یوسف (پێکهاتەی کورد / ئەنەکەسە)

4- بازنەی قامیشلۆ – 4 کورسی:
عەبدولحەلیم عەلی (پێکهاتەی عەرەب / هۆزی تەی)
رەزوان عوسمان سیدۆ (پێکهاتەی کورد / ئەنەکەسە)
کیم حوسێن ئیبراهیم (پێکهاتەی کورد / سەر بە هەسەدە)
نینۆرتا شەمعون شەمعون (پێکهاتەی مەسیحی – سریانی)

5-بازنەى کۆبانێ 2 کورسى
فەرهاد ئەنوەر شاهین، (پێکهاتەی کورد / ئەنەکەسە)
شواخ ئیبراهیم العساف( پێکهاتەى عەرەب).

دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ هەسەدە دڵخۆشکەر نییە، چونکە لەکۆی 12 کورسی هەسەدە تەنها دوو کورسی بەدەستهێناوە کە یەکێکیان تەزکیەیە، لەبەرامبەردا ئەنەکەسە سێ کورسی بەدەستهێناوە. تەنانەت لە بازنەی کۆبانێ کە هەسەدە ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە ڕزگارکردنی شارەکە لە دەستی داعش، نەیتوانی کورسی مسۆگەر بکات و ئەنەکەسە لەوێ کورسیەکی مسۆگەر کرد. لەکۆتایدا کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پێنج کورسی مسۆگەر کرد، بەڵام لەبەرامبەردا نەتەوەکانی دیکە 12 کورسییان مسۆگەر کرد.

لەبەرامبەردا فۆزە یوسف، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ كەسانێك بۆ نوێنەرایەتیكردنى گەلی کورد لە پەرلەمانی سوریا دادەنرێن، جارێکی دیکە یاسای تایبەت لە دژی کورد جێبەجێ دەکرێت.

فۆزە یوسف لە سەكۆی “ئێكس” ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو کەسانە پێشوەختە هەڵبژێردراون، دانانی سندوقەكانی دەنگدان تەنیا چاوبەستە بۆ ئەو پرۆسەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە سیاسەتی بە پەراوێزخستنی ئیرادەی گەلی کورد بەردەوامە.
لە رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2025ـیشدا لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا، سێ کاندیدی کورد لە شاری عەفرین هەڵبژێردران، بەمەش کۆی گشتی ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنەکە دەگاتە هەشت کەس.

Back to top button