پاسداران حاجی حامید بۆ ڕێگریکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ڕەوانەی بەغدا دەکات

پەیامەکانی ئێران گەیشتوونەتە دەست دیارترین گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە تیایاندا داوای مامەڵەکردنی نەرم دەکات لەگەڵ پڕۆژە نوێیەکەی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی “حەشدی شەعبی”، هەروەها خۆبەدوورگرتن لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گوشارەکانی ئەمریکا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ کات کوشتن و ڕێگریکردن لە خلیسکانی قەیرانەکە بەرەو پێکدادانێکی کراوە لە ناوخۆی عێراقدا.

سەرچاوەکە، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە میدیا عێراقیەکانی گوتووە، حاجی حامید)، یەکێک لە سەرکردەکانی سوپای پاسداران، سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە دەکات، و لە ڕێگەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەغدا ئەنجامیداون، زنجیرەیەک پەیامی گواستووەتەوە کە داواکاریی ڕوونیان تێدایە بۆ گرووپەکان تاوەکو لە قۆناغی ئێستادا خۆیان لە گرژیی میدیایی یان سەربازی بەدوور بگرن، و کەمێک لە نەرمی نواندنی تاکتیکی پەیڕەو بکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشنیازانەی پەیوەستن بە حەشدی شەعبییەوە”.

سەرچاوەکە ئەوەشی گوت کە “پەیامەکانی ئێران قبوڵکردنێکی ئاشکرای پڕۆژەکەی ئەمریکای تایبەت بە دووبارە داڕشتنەوەی هەیکەلی حەشدی لەخۆ نەگرتووە، بەڵکو جەختی لەسەر مامەڵەکردنی نەرم لەگەڵ گوشارەکان و دواخستنی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ کردووەتەوە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ پاراستنی ژێرخانی بنەڕەتیی گرووپەکان و هەژموونیان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا”.

ئەم جووڵانە هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکانی ئەمریکا کە ئامانج لێیان کەمکردنەوەی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان و سەپاندنی ڕێکخستنی نوێیە لە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک دێت لە جەنگی ئیسرائیل و ئێران و ئەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە کرانە سەر وڵاتانی ناوچەکە.

داهاتووی حەشدی شەعبی

لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ عێراق، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمریکی، دەیڤد پترایۆس، ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە تاوتوێکردنی ئەو سیناریۆیانەی پەیوەستن بە داهاتووی “حەشدی شەعبی”، لەگەڵ ئەگەری تێکەڵکردنی بەشێکی حەشد لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، لە بەرامبەر دوورخستنەوەی ئەو کەسایەتییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پۆلێنکراون وەک تێوەگلاو لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

پسپۆڕان پێیان وایە کە تاران ئێستا درکی بە هەستیاریی قۆناغەکە کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی حکومەتێکی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، کە هەوڵ دەدات خۆی وەک هاوبەشێکی قبوڵکراو لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێشان بدات، ئەمەش وا لە ئێران دەکات خۆی لە هەر پێکدادانێکی ڕاستەوخۆ بەدوور بگرێت کە ڕەنگە پاساوێک بداتە واشنتۆن بۆ فراوانکردنی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی لە ناوخۆی عێراقدا.

بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، “ئاراستەی ئێران لەسەر بنەمای لەخۆگرتنی هێواشی پڕۆژەکەی ئەمریکا دامەزراوە، ئەویش لە ڕێگەی قبوڵکردنی نیمچەیی هەندێک هەنگاو، وەک دووبارە ڕێکخستنەوەی هەیکەلی هەندێک لە پێکهاتەکان یان ڕادەستکردنی بەشێک لە چەکە قورسەکان، لە بەرامبەر پاراستنی هەژموونی سیاسی و ئەمنیی گرووپەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا”.

هەروەها وتیشی: “سەرکردایەتیی ئێران پێی وایە هەر سازشێکی گەورە یان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەم قۆناغەدا ڕەنگە تێچوویەکی زۆری هەبێت، بۆیە پێی باشترە دۆسیەی عێراق بە سیاسەتی هێورکردنەوەی کاتی و کات کڕین بەڕێوەببات، لەگەڵ پاراستنی ژێرخانی بنەڕەتیی هەژموونەکەی لە ناو بەغدا و گرووپە چەکدارەکاندا”.

تاوەکو ئێستاش هیچ میلیشیایەکی عێراقی ڕەتکردنەوەی ئاشکرای خۆی بۆ پڕۆژەکەی پترایۆس ڕانەگەیاندووە، بازنە نزیکەکان لە گرووپەکانەوە پێیان وایە کە ئێران تەنها وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی عێراقی سەیری “حەشدی شەعبی” ناکات، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستەمی هەژموونی هەرێمیی خۆی دەیبینێت؛ ئەمەش وا دەکات هەر پڕۆژەیەک بۆ لاوازکردن یان هەڵوەشاندنەوەی، لە ناو سوپای پاسداراندا وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هاوسەنگییە هەرێمییەکان سەیر بکرێت.

بەپێی هەمان سەرچاوە، “کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە گفتوگۆی تایبەت بە ئەگەری دووبارە جێگیرکردنەوەی هەندێک لە گرووپەکانیان لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە بەخۆوە بینیوە، لەگەڵ تیشک خستنە سەر کەمکردنەوەی دەرکەوتنی سەربازی و میدیایی لە قۆناغی داهاتوودا، و خۆبەدوورگرتن لە هەر ئۆپەراسیۆنێک کە ڕەنگە وەک بیانوویەک بۆ فراوانکردنی پڕۆژە ئەمریکییەکەی تایبەت بە قەتیسکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە بەکاربهێنرێت”.

هێشتاش هێزە سیاسییە دیارەکانی شیعە پاڵنەرن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی “حەشدی شەعبی” لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی و گفتوگۆی سیاسییەوە، لەبری سەپاندنی چارەسەری خێرا لەژێر گوشاری ئەمریکادا، لە کاتێکدا مەترسییەکان لە ناوخۆی بەغدا لە زیادبووندان سەبارەت بەوەی ئەم دۆسیەیە ببێتە گۆڕەپانی ململانێیەکی کراوە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا لەسەر خاکی عێراق.

کارتەکەی پترایۆس

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو کارتەی دەیڤد پترایۆس کاری لەسەر دەکات، لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی “حەشدی شەعبی” یان چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گرووپەکان دانەمەزراوە، بەڵکو پشتی بەستووە بە ڕێڕەوێکی پلەبەندی درێژخایەن کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە چەکدارییانەیە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدان، لەگەڵ دووبارە داڕشتنەوەی دامەزراوەی ئەمنیی عێراق بە شێوەیەکی جیاواز.

بەپێی سەرچاوەکان، پلانەکە چەند قۆناغێک لەخۆدەگرێت:

چەکی قورس و مامناوەند بەدەست لایەنە ئەمنییە دیاریکراوەکانی عێراقەوە بێت، کە ڕاستەوخۆ دەخرێنە ژێر چاودێریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە.

کەمکردنەوەی توانای گرووپەکان بۆ جووڵەی سەربەخۆ یان بەڕێوەبردنی سەربازگە و کۆگاکانی چەک لە دەرەوەی سیستەمی فەرمی.

هەروەها پلانەکە دوورخستنەوەی ئەو کەسایەتی و سەرکردانە دەگرێتەوە کە پێیان وایە پەیوەندییان بەو هێرشانەوە هەیە کە لە ساڵانی دواییدا کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی کەنداو، لە بەرامبەر هێشتنەوەی هەندێک لەو پێکهاتانەی کە مۆرکێکی کارگێڕی یان جەنگییان هەیە لە چوارچێوەی نوێدا کە زیاتر بەستراوەتەوە بە دامەزراوەی سەربازیی عێراقەوە و کەمتر پەیوەستە بە گرووپە ئایدۆلۆژییەکانەوە.

Back to top button