مستەفا کازمی بۆ عەلی زەیدی: ترەمپ پەیوەندیی بە هەموو وڵاتەکانەوە کرد جگە لە عێراق

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، پاکێجێک پەیامی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، و ئامۆژگاری کرد کە گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بدات و سەرنج بخاتەسەر ئەوەی کە ترەمپ پەیوەندی بە عێراقەوە نەکرد کاتێک دوو ڕۆژ لەمەوبەر وردەکارییەکانی ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ئێران بۆ سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند، کە ئەمەش ئاماژەی جۆراوجۆری لە پشتەوەیە.

کازمی پێی وایە لەم قۆناغەدا پێویستە گرنگی بە کەڵەکەبوونی ئەزموون لە نێوان حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان بدرێت بۆ بنیاتنان لەسەر ئەوەی بەدەستهاتووە، و خۆدوورخستنەوە لەو هەڵانەی ڕوویانداوە، وەک کازمی دەڵێت “هەموومان کاردەکەین و هەڵەش دەکەین”، بە ڕاشکاوی باسی لە پێداچوونەوەی وردی خۆی کرد بۆ سەرجەم ئەو کەیسانەی لە سەردەمی ئەودا مشتومڕیان لەسەر دروست بوو، بەتایبەتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە گەورەکان بە سەرۆکایەتی فەریق ئەحمەد ئەبو ڕەغیف، و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێکارەکان دروست بوون بەڵام “فەرمانبەرە بچووکەکان هەندێک جار هەڵەیان کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ سەرمایەدار بەها عەبدولحوسێن، خاوەنی کۆمپانیای بەناوبانگی کی کارد”.

کازمی لە پەیامەکەیدا بۆ زەیدی گوتویەتی: ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بووینەتەوە، لە سەروویانەوە پەیوەندییە دەرەکییەکان و گەڕاندنەوەی ڕۆڵی دیپلۆماسیی عێراق، بۆ ئەوەی شەمەندەفەرەکەمان لە هێڵەکەی دەرنەچێت، ئەوەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویدا دووبارە نەبێتەوە کاتێک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی بە سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکەوە کرد, بەڵام پەیوەندی بە دەوڵەتی عێراقەوە نەکرد، ئەمەش پرسیار دەربارەی ئامادەنەبوونی عێراق لە هەر ئاگاداربوونێک یان هەماهەنگییەکی پێشوەختە دروست دەکات، بەپێچەوانەی دەوروبەرە هەرێمییەکەیەوە.

باسی لەوەشکردووە، بەرپرسیارێتی ئەم پەراوێزخستنە ناخەینە ئەستۆی حکومەتی نوێ کە لە سەرەتای کارەکانیدایە، بەڵام پاشەکشە لە ئامادەبوونی هەرێمی و نێودەوڵەتی عێراق پاڵمان پێوە دەنێت بپرسین: کێ بەرپرسیارە لە لاوازکردنی ڕۆڵی دیپلۆماسیمان و دەستهەڵگرتن لە پێگەی عێراق وەک کارەکتەر و جەمسەرێکی کارا، تا – بەداخەوە – بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی کاریگەر بە ڕووداوەکان یان کارتێکی قابیلی دانوستان؟

سەبارەت بە ئاڵنگاریی دووەمیش کازمی گوتویەتی، ئاڵنگارییە ئابوورییەکان، کە باسی گەرمی ئەمڕۆیە. نامەوێت بە شێوەیەکی ئەرێنی لەڕادەبەدەر باس لە ئەزموونەکەم بکەم، بەڵام ئەزموونمان لەم دۆسیەیەدا لە ڕێگەی دوو ئاراستەی هاوتەریبەوە دەستی پێکرد: یەکەمیان چاکسازیی ئابووری، و دووەمیان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو، و ئامانجیش گەڕاندنەوەی متمانە بوو بە ئابووریی عێراق بۆ وەبەرهێنەری ناوخۆیی، سەبارەت بە وەبەرهێنەری دەرەکیش، ئەوا بەگشتی وەبەرهێنان بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەوە دەبەستێتەوە.

Back to top button