
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران کرد بە زوویی هەمواری یاسای مووچەی فەرمانبەرانی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان بکات، هەموارێک کە زۆرێک لە حکومەتەکانی پێش زەیدی خۆیان لەقەرەی نەداوە، بەڵام وادیارە ئەمجارە دۆخی خراپی ئابووریی عێراق زەیدی ناچار دەکات یاساکە هەموار بکاتەوە.
پێشنیازەکانی هەموارکردنەوەی یاسای مووچە چۆنە؟
وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی کار دەکەن بۆ داڕشتنی خشتەیەکی نوێی مووچە، کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی ئەو جیاوازییە گەورەیەیە کە لە نێوان مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاوازەکاندا هەیە. لیژنەکە پێشنیازەکانی خۆی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، کە دیارترین خاڵەکانی ئەمانەن:
بەدیهێنانی دادپەروەری و کەمکردنەوەی جیاوازییەکان: کەمکردنەوەی جیاوازی لە نێوان مووچەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانەی دەرماڵەی بەرز دەدەن لەگەڵ ئەوانەی تەنها پشت بە مووچەی بنەڕەتی دەبەستن، بۆ زامنکردنی یەکسانی لە نێوان ئەو فەرمانبەرانەی خاوەنی هەمان بڕوانامە و ساڵانی خزمەتن.
بەرزکردنەوەی کەمترین بڕی مووچە: ئامانجی هەموارەکە قەرەبووکردنەوە و مافدانە بە خاوەن پلە نزمەکان (وەک پلە دە)، کە لە ئێستادا مووچەی بنەڕەتی بۆ ئەم پلەیە نزیکەی 170 هەزار دیناری عێراقییە، پێشنیازەکان هەوڵ دەدەن ئەم بڕە بەرزبکەنەوە تا لەگەڵ گرانبوونی بژێوی و بەرزبوونەوەی نرخەکاندا بگونجێت.
ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان: پێداچوونەوە بە دەرماڵە جێگیر و بڕاوەکاندا (وەک دەرماڵەی هاوسەرگیری و منداڵ) بۆ زامنکردنی دابینکردنی ئاستێکی باشتر لە بژێوی بۆ فەرمانبەری سادە.
یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2008ی مووچە
لە کاتی دەرچوواندنییەوە، یاساکە چەندین هەمواری بەخۆیەوە بینیوە کە ئامانج لێیان مافدان بووە بە هەندێک لە چینەکانی فەرمانبەران، دیارترینی ئەوانەش کە لە هەمواری یەکەمی یاساکەدا هاتوون بریتین لە:
مافدان بە هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان: پێدانی دەرماڵەی بڕوانامە بە هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا (یان هاوتاکەی) بە ڕێژەی 100٪ی مووچەی بنەڕەتی.
دانانی هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا کە خوێندنەکەیان پێویستی بە 3 ساڵە دوای بەکالۆریۆس لە پلەی وەزیفیی پێشکەوتوودا.
خێراکردنی سەرمووچە و بەرزکردنەوەی پلەی ئەو فەرمانبەرەی لە کاتی خزمەتدا بڕوانامەیەکی بەرزتر لە بوارەکەی خۆیدا بەدەست دەهێنێت.
دەرماڵەی منداڵ و هاوسەرگیری:
پێدانی دەرماڵەی منداڵ بە بڕی 10 هەزار دیناری مانگانە بۆ هەر منداڵێک تا دەگاتە منداڵی چوارەم.
بەردەوامبوونی خەرجکردنی دەرماڵەی منداڵ بۆ کوڕ تا تەمەنی 24 ساڵ ئەگەر بەردەوام بێت لە خوێندن، هەروەها بۆ کچ ئەگەر هاوسەرگیری نەکردبێت یان فەرمانبەر نەبێت.
گرتنەوەی فەرمانبەری بێوەژن یان جیابووەوە (کە سەرپەرشتی منداڵەکانی دەکات) بە دەرماڵەی منداڵ.
دەرماڵەی شوێنی جوگرافی: پێدانی دەرماڵەی زیادە کە لە نێوان 50 بۆ 60 هەزار دیناردایە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لە ناوچە لادێیی و دوورەدەستەکاندا کار دەکەن.
دەرماڵەی پۆست: پێدانی دەرماڵە بە ڕێژەی سەدی لە مووچەی بنەڕەتی (لەنێوان 15٪ بۆ 30٠٪) بۆ ئەوانەی پۆستی کارگێڕییان هەیە وەک جێگری بەڕێوەبەر و لێپرسراوی هۆبەکان.
شارەزایان پێشبینی دەکەن گۆڕانکاریی لە یاسای مووچە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی بەشێک لە فەرمانبەرانی لێبکەوێتەوە، چونکە لەگەڵ ئەوەی ئەو جیاوازییە بینراوە بەڵام ساڵانێکیشە فەرمانبەران خۆیان لەگەڵیدا ڕاهێناوە.





