
“بەغدا موفلیسە” وتەیەکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستانە کاتێک لەبارەی دۆخی ئابووریی عێراقەوە پرسیاری لێکرا، بەڵام دوای نزیکەی 10 ساڵ لەو قسەیە، وادیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی هەمان موفلیسی بووە و قاسەکەی تۆزێک پارەی تیادا نیە کورتهێنانی مووچەی مانگی پێنج پڕ بکاتەوە.
ڕۆژی دووشەممە حکومەتی عێراق 890 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نارد، هەرچەندە مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 950 ملیار دینارە، بەڵام ئەم مانگە بەغدا 60 ملیار دیناری نەناردووە و وادیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەینێرێت، بەڵام پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت؛ هەر بە راستی حکومەتی هەرێمی کوردستان قاسەکەی 60 ملیار دیناری تیادا نیە بە قەرز بیداتە فەرمانبەران بۆ ئەوەی کورتهێنانی مووچە پڕبکرێتەوە و فەرمانبەران مووچەکانیان وەربگرن؟ حکومەتێک کە بەردەوام شانازیی بەوەوە دەکات نمونەیەکە بۆ حوکمڕانانی عێراق، ئێستا قاسەکەی کەمتر لە 60 ملیار دیناریشی تیادا نیە.
بەتاڵبوونی قاسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک پرسیاری جددیی ڕووبەڕوی سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و پلاندانان و کۆی ئەو وەزیرانەی پەیوەستن بە داهاتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، هەر بەڕاستی لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا کابینەی 9 هیچ کارێکی بۆ زیادکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان نەدا بۆ ئەوەی لە دۆخێکی لەم شێوانەدا لەجیاتی چاوەڕێکردنی بەغدا، خۆی دۆخەکە تێپەڕێنێت؟ ئەرکی وەزیری دارایی و وەزارەتەکەی لە ئێستادا کە ئامێرەکانی دابەشکردنی مووچە هەن چییە؟ لەکاتێکدا خەزێنەی وەزارەتەکە بەتاڵە.
کورد مۆنیتەر قسەی لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێم کرد، ئەو دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران کە لە رۆژانی جەژنی قوربانیشدا، دابەشکردنی مووچە لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)وە بەردەوام دەبێت و فەرمانبەران دەتوانن لەو رێگەیەوە مووچەکانیان وەربگرن. بەڵام لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کەی لیستەکە ڕادەگەیەنن گوتی: هێشتا دیار نیە، بە ئەگەری زۆر تا نیوەڕۆی ڕۆژی ئەمڕۆ سێشەممە ڕادەگەیەنرێت.





