قائانی داوای ڕادەستکردنی سەرکردەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بەغدا دەکات

ئێران فشارەکانی لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی نەیاری ئێران كە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە، چڕتركردووەتەوە.

رۆژنامەی “العربي الجدید” لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تاران داوای لە بەغداد كردووە ئەم گروپانە بە تەواوی لە خاکی عێراق دووربخاتەوە، رێککەوتنی ئەمنی ساڵی 2023ی نێوان هەردوولاش بەلای ئێرانەوە بە هەڵوەشاوە دەزانێت، هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی كردووە دژی کەمپ و پێگەکانی ئەو هێزانە.
بە وتەی بەرپرسێکی عێراقی لە بەغداد و سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد لە هەولێر، زیاد لە بەرپرسێکی باڵای ئێران پەیامیان بە عێراق گەیاندووەو ئاماژە بە پێداچوونەوە بە رێککەوتنە ئەمنییەکان دەكەن، بەهۆی ئەوەی سوودی ئەمنی نییە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەرپرسێکی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاندووە، ئێرانییەکان ئەو رێککەوتنە بە نەگونجاو دەزانن، دوای پێشهاتەكانی ئەم دواییە داوای رێككەوتنێكی نوێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێرانییەكان داوای چۆڵکردنی تەواوەتی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەن لە تەواوی خاکی عێراق، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ رێکخراوی موجاهدینی خەلق ڕوویدا، كە لە ساڵی 2012 حکومەتی نوری مالیکی هەزاران ئەندامی دەرکردن.

هاوكات سیاسەتمەدارێکی کورد و ئەندامێکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، سەردانەکەی ئەم دواییەی جەنەڕاڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بۆ بەغداد، داوایەکی راستەوخۆی لە عێراق لەخۆگرتبوو بۆ دەرکردنی گروپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە تەواوى عێراق، بەو پێیەی تاران تەنها دوورخستنەوەیان لە سنورەکان قبوڵناكات.

قائانی داوای رادەستکردنەوەی ژمارەیەك ناوی دیاریكراویشی كردووە كە لە ریزی یەكەمی سەركردەكانی ئەو هێزانەن، كە ئێران تۆمەتباریان دەكات بە لایەنگریكردنی ئەمریکا لە کاتی شەڕدا.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئەگەری رادەستکردنی هەر كەسایەتیەكی ئەو هێزانەی بە ئێران رەتکردەوە، ئەمەش بەهۆی رەچاوکردنی پرسی نەتەوەیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەروەها رەچاوکردنی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکی، بەڵام ئەو داواکارییەکانی ئێرانی بەوە لێكداتەوە كە رێککەوتننامەی ئابی 2023 كۆتایی هاتووە.

Back to top button