
سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە جەختی لەوە کردەوە، حکومەتەکەی عەلی زەیدی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئەمریکا سەبارەت بە گروپە چەکدارەکان، لەو چوارچێوەیەدا پێنج گروپی چەکدار بەتەواوی ڕازی بوون چەکەکانیان دابنێن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش زۆربەیان پۆستی وەزاری وەرناگرن.
بەگوێرەی بەدوادچوونەکانی کورد مۆنیتەر، ئەو گروپانەی ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەربڕیوە، پێنج گروپن کۆی حەوت گروپ، کە دیارترینیان عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، و کەتیبەکانی ئیمام عەلی بە سەرۆکایەتی شبل زەیدین”.
هیچ پۆستێکیان پێنادرێت تەنانەت دوای ڕادەستکردنی چەکەکانیشیان
سەرچاوەیەکی باڵا لەبەغدا وردەکاریی چەکدانانی ئەو گروپانەی بۆ کورد مۆنیتەر باسکرد و گوتی، ئەو گروپانە ئەگەر چەکەکانیشیان دابنێن، هیچ پۆستێکی وەزاری وەرناگرن، چونکە تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا، بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی ڕاگەیاندووە، ئەو گروپانەی چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، لە وەرگرتنی هەر پۆستێک لە حکومەتدا بێبەش دەکرێن.
بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ڤیتۆی ئەمریکا سەبارەت بە گروپەکان ڕەنگە “عەسائیب و کەتیبەکانی ئیمام عەلی” نەگرێتەوە و ڕێگەیان پێبدرێت پۆستی وەزاری لە حکومەتەکەی زەیدیدا بەدەست بهێنن.
دەرکردنی حزبوڵڵا و نوجەبا
سەبارەت بە گروپە گەورەکانیش کە بەرەی ڕاستەقینەی مقاوەمە دژی ئەمریکا پێکدەهێنن، ئەو سەرچاوەیە گوتی، “ئەو گروپانەی چەک ڕادەستکردن ڕەتدەکەنەەوە (کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی، نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا)ن، بەڵام ئەگەر بە فەرمی ڕەتیبکەنەوە چەک ڕادەستی دەوڵەت بکەن، ئەوکاتە لە دەستەی حەشدی شەعبی دەردەکرێن، لەگەڵ کێشانەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە حکومییانەی کە لەبەردەستیاندان، هەروەها لێسەندنەوەی ناسنامە فەرمییەکانیان و ئەو بڕیارانەی ڕێگەپێدان کە هەیانە، جگە لەوە لێسەندنەوەی تەواوەتی بەرگی فەرمی لە دەستەی حەشدی شەعبی.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە نامەیەکی توندی ئەمریکای پێگەیشتووە، کە ڕەتیدەکاتەوە هیچ کەسایەتییەکی سەر بە گروپە چەکدارەکان بۆ وەزارەتەکانی ناو کابینەکەی زەیدی دوای پشووەکانی جەژن هەڵبژێردرێن.
دوای جەژن چی ڕوودەدات؟
لەسەر ئاستی سیاسی، دوای جەژنی قوربان عێراق شاهیدی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی گەورە دەبێت، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ڕێکخراوی بەدر پلان دادەنێن لەگەڵ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و لایەنە کوردییەکان بەتایبەت (پارتی دیموکراتی کوردستان)، بۆ دورخستنەوەی هەیبەت حەلبووس لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
ئەو لایەنانەی ناو چوارچێوە و کورد و سوننەکان کە دەیانەوێت هەیبەت حەلبوسی دووربخەنەوە، پێیان وایە ناوبراو سنوورەکانی سیاسەتی بەزاندووە لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەکاندا”، جگە لەوە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ هێشتا جێگەی مشتومڕە، چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ناڕەزایەتییان هەیە لەسەر حسێن عەوادی، بریکاری دێرینی وەزارەتەکە، بەو پێیەی سەر بە ڕەوتی سەدرە.





